سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك لیژنەی خێزان و منداڵ و ژنان سەردانی سەرۆك وەزیرانمان كرد، لەو چوارچێوەیەشدا نووسراوێكم ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد و داوام لێكرد بەرنامەیەكی درێژخایەن دابنرێت بۆ ئەوەی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بەردەوام بێت، ئەویش نووسراوێكی ئاراستەی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق كرد، بۆئەوەی بەردەوام بن لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی كە ماونەتەوە.
وتیشی: بەشێوەیەكی گشتیی لە عیراقدا 301 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی رژێمی لەناوچوو، هەروەها 91 شوێن دەستنیشانكراوە و ژمارەیەكی زۆر گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە، لە ئێستادا گۆڕە بەكۆمەڵەكان بە سەرپەرشتیی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کاری هەڵدانەوەیان بۆ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: تا ئێستا لە ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا زیاتر لە 7 هەزار رووفات دۆزراونەتەوە.
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی