سەرۆک بافڵ پێشوازی لە باڵیۆزی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە عیراق دەکات

05:14 - 2025-04-17
عیراق
51 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندی لە مێژینەی سەرۆک مام جەلال و شانشینی عەرەبستانی سعودیە کرد و جەختیان لە زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکە کردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی، ئامادەین هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی سعودیە بکەین تاوەکو لە بوژاندنەوەی زیاتری ئابووریی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن و کارەکانیان ببنە هۆی رەخساندنی هەلی کار.

دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا جەختیان لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژیی کردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان