ساڵح عوسمان
ئەندامی ئەنجومەنی پشتیوانی،
ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وا بڕیارە ڕۆژی (٢٣-٤-٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ نزیک بونەوەی یادی (٥٠) ساڵەی یۆبیلی زیوینی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بەشداری ئەندامان و کادیران و تێكۆشەران دیداری دووەمی یەكێتیی ببەسترێت، بەئامانجی دانانی پلان و بەرنامەی داهاتوو هەروەها كێشانی نەخشەڕێگای كاری داهاتوو لە کاری ڕێکخراوەیی و پەیکەر بەندیەکی تازە و مۆدێرنیزم بۆ پەیکەری ڕێکخراوێکی ئاراستەگیر بەرەو تازەگەری و نوێبوونەوە وەک حزبێکی سۆشیال دیموکراتی هەمیشە خۆ نوێ کەرەوە كە ئەمەش بێگومان لەپێناوی یەكێتییەكی بەهێزتر و ئیدارەدانێكی باشتری كاری حزبی و حكومییە كە وەڵامدەرەوەی گۆڕانكارییەكانی ئێستا و ئایندە دەبێت، ئەمە جگەلەوەی لەڕێگای دارشتنی ئەو بەرنامەیەوە، ویست و داوای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەناو پڕۆگرامی یەکێتی بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی شەن و کەو بکرێت و ئەپدەیت بکرێتەوە لە چوارچێوەی پرۆگرامی رێکخراوەیی خۆیدا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبی نوێگەری و نوێبوونەوەیە، هەمیشە هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانكارییەكان هەنگاوی ناوە، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە فكری نوێ و خوێنی نوێ و رەخنە لەخۆگرتن دەبینێت، بۆ خەباتی ئێستاش لە سەردەمی گۆڕانكارییە خێراكان، ئەمجارە یەكێتی جگە لە كۆنگرە دیداری گشتیی رێكخستووە، بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە پلانێكی تۆكمەی ستراتیژی بۆ كاری داهاتووی دابنێن كە هەموو لایەنەكانی بەڕێوەبردن لە ڕووی حكومی و حزبی و پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و شێوازی خەبات لەخۆدەگرێت، دواتریش ئەم پلانە لەسەر ئاستێكی باڵا تاوتوێ دەكرێت و شەن و كەوی هەموو راپۆرتەكان دەكرێت، بۆ ئەوەی چی بۆ بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خەباتی ئێستای یەكێتی گرنگە لە داهاتوودا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە درێژایی مێژوو بە پشتبەستن بە گۆڕانكارییە هەرێمی و ناوخۆییەكان و خوێندنەوەی دۆخە جیاوازەكان و داوای جەماوەر، بەرنامەی داڕشتووە، بۆیە هەمیشە لە جیهان بینیدا سەركەوتوو بووە، بۆیە هەر بەرنامەیەكی سیاسی هەبووبێت لە خوێندنەوەیەكی قوڵەوە هاتووە.
دیداری یەکێتی دەسپێکی قۆناغێكی نوێیە لە خەباتی رێکخراوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە پشتیوان بە کادیرانی دڵسۆز و جەماوەری كوردستان، دیداری دووەمی یەكێتی وەک درێژەپێدەری دیداری یەکەم دەبێتە بوژانەوەیەكی تری نوێبوونەوە لە كاری حزبی و رێکخراوەیی، بە زیندووکردنەوەی بەها باڵاكانی کاری رێکخراوەیی بەو جۆرەی کە حزب و سیاسەتی حزب ساز و ئامادە بکرێنەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی، ئەمجارەش دیدار دەبێتە مایەی ئومێد بۆ ئەندامان و کادیران و کۆمەڵانی خەڵك و دۆستانی یەكێتی لەچوارچێوەی پێشنیار و راسپاردەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگای نوێ بۆ کاری داهاتوو وە دواتر پەسەندکردنیان لە لایەن سەرکردایەتی بۆ بەکردارکردنی هەنگاوەکان و دەستکردن بە قۆناغێکی نوێی کاری رێکخراوەیی لە دوو توێی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.