کۆڕبەندی داهاتوو لە سلێمانی دەبێت

قوباد تاڵەبانی و چالاکییەکانی لە کۆڕبەندی ئابووری دێلفی

10:01 - 2025-04-20
ئابووری
53 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری دێلفی

ئا: کوردەوان محەمەد سەعید

لەگەڵ وەزیری ژینگە و وزەی یۆنان، تاڵەبانی باسی لە پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە کرد و ئەویش  بەڵێنیدا هانی کۆمپانیاکانی یۆنان بدات بۆ هاوکاری لەگەڵ کوردستان لە بواری وزەی نوێبووەوەدا

رۆژانی 9 -12 / 4 / 2025 بە بەشداریی زیاتر لە 70 دەوڵەت کۆڕبەندی ئابووری دێلفی، کە کۆنفڕانسێکی ساڵانەی نێودەوڵەتییە لە دێلفی پایتەختی یۆنان بەڕێوەچوو، بەشداربووان پێکهاتبوون لە سەرۆكی وڵاتان و بەرپرسانی حكومەت و نوێنەری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و کەسانی ئەكادیمی. لە هەرێمی كوردستانەوە، وەفدێك بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە یاوەری وەزیری پلاندانان و جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەشدارییان تێدا كرد. قوباد تاڵەبانی لە دووەم رۆژی كۆڕبەندەكەدا، وتارێكی پێشكەش كرد. هەروەها، بە درێژایی چوار رۆژی كۆڕبەندەكەش زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ چەندین سەرۆكی وڵاتان و لێپرسراوانی یۆنانیشدا ئەنجامدا.

گرنگی وزەی نوێبووەوە
لە دیدارێکیدا لەگەڵ ستاڤرۆس پاپاستاڤرۆ، وەزیری ژینگە و وزەی یۆنان، تاڵەبانی باسی لە پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کوردستان کرد. پاپاستاڤرۆ-یش بەڵێنیدا هانی پسپۆڕان و کۆمپانیاکانی یۆنان بدات بۆ هاوکاری لەگەڵ کوردستان لە دەستپێشخەرییەکانی وزەی نوێبووەوەدا.
لە دیدارێکدا، لەگەڵ کۆنستنتینۆس تسیاراس، وەزیری گەشەپێدانی گوندەکان و خۆراکی یۆنان، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی كرد لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازییەکانی خۆراکدا.
لە دیدارێكی دیكەدا، لەگەڵ ئۆلگا کیفالۆجیانی، وەزیری گەشتوگوزار، هەردوولا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بەرامبەر پەرەسەندنی پەیوەندییە گەشتیارییەکان، لە نێویاندا زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران دوای هێنانەکایەی گەشتە راستەوخۆکان. هەروەها قوباد تاڵەبانی داوای پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی کورد کرد، کە ئارەزووی خوێندنییان هەیە لە زانکۆکانی یۆنان. وەزیر کیفالۆجیانی بانگهێشتنامەی قوباد تاڵەبانی قبوڵ کرد بۆ ئەوەی بەم زووانە سەردانی کوردستان بکات.

دیاردەی کۆچی نایاسایی
سەبارەت بە کێشەکانی یەكێتی ئەوروپای پەیوەست بە كۆچی نایاسایی، بەو پێیەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا بەردەوامە بۆیە ئەم كۆڕبەندە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات بۆ چارەسەركردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو كێشانەی كە وادەكەن كۆچی نایاسایی لە هەرێمی كوردستانەوە بەردەوام بێت. هەر لەو بارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی لە دیداری لەگەڵ گیۆرگۆس گیراپێتریتس وەزیری دەرەوەی یۆنان، باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی کرد و تاڵەبانی پێشنیازیکرد، کە پاڵپشتی گەشەپێدانی ئابووری لەلایەن یۆنان و یەکێتی ئەوروپاوە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێتە مایەی رەخساندنی هەلی کار و رێگری لە کۆچی گەنجان دەكات .

ئەم جارە قوباد تاڵەبانی  سەرپەرشتی دەکات
ئەمساڵ، دەیەمین ساڵی كۆڕبەندەكەیە پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین، ئەمساڵ سێیەم ساڵە قوباد تاڵەبانی بەشداری لەم كۆڕبەندەدا دەكات، ئەمەش وایكردووە هەم پەیوەندییەكانی بەرفراوان بێت، هەم بە پلان و بەرنامەی تۆكمەترەوە بەشداری بكات. گرنگیی رۆڵ و كاریگەری بەشداری قوباد تاڵەبانی لەوەدا دەردەکەوێت، کە لە وتارەکەیدا باسی لەوە كرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێلفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت. وا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا ئەم كۆڕبەندە لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی میوانداریی بكرێت و ژمارەیەكی بەرچاو لە سەرۆك و سەركردە و وەبەرهێن و بازرگان و بیرمەند و ئەكادیمیست و رۆژنامەنووسان ئامادەبن و بەشداریی بکەن، ئەمەش هەم بە واتای بایەخی سلێمانی و هەرێمی كوردستانە وەك ناوەندێكی دیبلۆماسی، هەم دەرفەتێکی گرنگە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان و شاری سلێمانی.
ئەم كۆڕبەندە بە هاوتای كۆڕبەندی داڤۆس دادەنرێت، بەڵام بە چاویلكەیەكی جیاوازی باشووری خۆرهەڵاتی ئەوروپا و دەریای ناوەڕاستەوە، كە بەهۆی نزیكی هەرێمی كوردستانەوە لە رووی جوگرافییەوە، لە كۆڕبەندی داڤۆس زیاتر بایەخی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەت لەو رووەوە كە ئەم كۆڕبەندە سەرنجی زیاتری لەسەر پرسە ئابوورییەكانە.

قوباد تاڵەبانی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان