گازی روسیا و ئەوروپییەکان

10:42 - 2022-08-07
ڕاپۆرت
342 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تاراشێخ عوسمان

نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما لە ئەوروپا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی هێناوەتە سەرخەت، تا هۆشداری بداتە وڵاتانی ئەوروپا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان لە وڵاتەکانیان بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر وزە و هۆشداری ئەوەی داوە لەبارەی هەوڵەکانی ئێستا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی گاز و دەڵێت: بێ گازی روسیا  هاووڵاتیانی ئەوروپا  زستانێکی ساردی بێ کێشە  تێناپەڕێنن.

 ئەمەش بەو مانایە دێت کە سەرەڕای هەوڵی وڵاتانی ئەوروپا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی گاز، پسپۆڕان بە گومانن لە تواناکانی یەکێتیی ئەوروپا لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گازی روسیا، هەربۆیە رۆژی 22ی تەمموزی ئەمساڵ ئەو لێپرسراوەی ئاژانسی  نێودەوڵەتی وزە بە رەسمی هۆشداری دایە سەرانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەوەی دووپاتکردەوە، کە ئەم هەوڵانەی ئێستا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی گاز، بەس نییە بۆ تێپەڕاندنی زستانی سەخت لە ئەوروپا و جەختی لەوە کردەوە بەبێ  دەستخستنی ئەو گازەی کە لە روسیاوە دەگەیشتە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نابن.
 ئەم هەڵوێستە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
  ئەم هەڵوێستەی فاتیح پیرۆلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە دوای ئەوەوە هات کە لە ماوەی رابردوودا ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاینی سەرۆکی کۆمیساری ئەوروپا لەگەڵ لێپرسراوانی ئازەربایجان رێکەوتنێکی ئیمزا کرد، بەپێی ئەو رێکەوتنەش پێویستە حکومەتی باکۆ تا چەند ساڵی ئایندە بڕی ئەو گازەی بگەیەنێتە دوو هێندە کە  لە ئازەربایجانەوە هەناردەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکرێت.    
  پیرۆل لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ پێگەی رەسمیی ئاژانسەکە  ئاماژەی بەوە داوە، ناکرێت پشت بەو هاوکارییانە ببەسترێت کە لە سەرچاوەی ناروسییەوە دەنێردرێت، چونکە زۆر بە سادەیی ئەگەر  گاز لە نەرویج و ئازەربیجانەوە بەوپەڕی خێراییەوە بگات، ئەگەر ئەو گازەی تا ئێستا لە باکووری ئەفریقاوە دێت بگاتە ئاستی ساڵی رابردوو، هەروەها ئەگەر بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆش وەک بڕی ئێستای بێت و ئەگەر بڕی گازی سروشتیی شل کە لە وڵاتانی ترەوە دەگات وەک ئەوە بێت کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تۆمار کراوە، هێشتا کەمە و بە پێی پێویست نییە و نابێتە جێگرەوەی  سەرچاوە روسییە بڕدراوەکان.
 ئەو لێپرسراوە کە هەمیشە لەبارەی سیاسەتی وزەوە رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی ئاڕاستەی وڵاتانی پیشەسازیی دەکات، باسی لەوە کردووە کە ئەوروپا ناچارە هێشتا هەر گومانی هەبێت سەبارەت بە گازی روسیا و دەبێت بڕینی تەواوەتی ئەو سەرچاوەی وزەیە بە دوور نەزانێت و هەنگاوەکانی ئەم دواییەی روسیاش بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا،  دوا ئاگادارکردنەوەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا.
رێژەی 90 %
هەرچەندە شیکردنەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە باس لەوە دەکات کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پێویستیان بەوەیە ئاستی کۆگاکردنی گاز بگەیەننە رێژەی 90 % بۆ ئەوەی بتوانن وەرزی زستان بێ کێشە تێپەڕێنن، بەڵام بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسە  نیگەرانییەکانی سەبارەت بە مانگەکانی داهاتوو نەشاردۆتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە گەیشتن بە ئاستی 90 %ی کۆگاکردن هێشتا ئەگەرێکی کراوەیە، بەو مەرجەی ئەوروپا بە زوویی بجوڵێت و یەک رۆژیش بە فیڕۆ نەدات بۆئەوەی لە رووی دابینکردنی ئەو سەرچاوەیەوە کەم نەهێنێت.
هەربۆیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە چەند راسپاردەیەکی بەپەلەی ئاڕاستەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردووە و داوای لێکردوون دەستبەکاربن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرچاوەی ترەوەو کارپێکردنی سیستمەکانی گەرمی و ساردی ناو تەلارو ئاپارتمانەکانیش کەم بکەنەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی خواست لەسەر کارەبا.
ئەو ئاژانسە بڵاویشیکردۆتەوە، ئەگەر هێڵەبۆری نۆرد ستریم2-ش بخرێتە کار و لە مانگەکانی داهاتوودا گاز بە بڕی پێویست بنێرێت،  دەبێت 12 ملیار مەتر سێجا لە گازی زیادە پاشەکەوت و کۆگا بکرێت کە دەگاتە 130 باری گازی سروشتیی شل.
لە لایەکی تریشەوە کۆمپانیای یونیپێری ئەڵمانی تایبەت بەوزە کە گەورەترین هاوردەکاری گازی روسیایە، ئەوەی ئاشکراکردووە کە کۆمپانیای گاز پرۆمی  حکومەتی روسیا پاساوی کەمبوونەوەی ئەو گازەی کە پێشتر  لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییە لەسەری رێککەوتوون بۆچەند دۆخێکی تایبەت گێڕاوەتەوە کە لە توانای ئەواندا نییە، بەڵام کۆمپانیا ئەڵمانییەکە بە شێوەیەکی رەسمیی ئەو پاساوەی رەتکردووەتەوە. 
سەرچاوە: سایتی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان