راپۆرتی- شڤان ئاکرێی
ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی و ئازادیی تاک لە رادەربڕین و خۆپیشاندان کە بەشێکن لە مافەکانی مرۆڤ لە ده‌ڤه‌ری بادیناندا بەردەوام لە پاشەکشە و بەرتەسکبوونەوەدایە و رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سنوورەکەش دەڵێن تادێت مه‌ودای كار و چالاكیی رێکخراوە مەدەنییەکان و رۆژنامه‌نووسان به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه.
لەو رووەشەوە گۆران گۆرانی، چالاکوانی مه‌ده‌نی له سنووری پارێزگای دهۆك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیموكراسی خۆی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری میدیاییدا دەبینێتەوە. لە هەرێمی کوردستان جگە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کە تارادەیه‌ک ئازادیی رادەربڕین دەستەبەرکراوە، لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر ئازادیی رادەربرین بەشێوەیه‌کی بەرچاو قەتیسکراوە، بەتایبەتی رۆژنامەنووسان بە هیچ شێوەیه‌ک ناتوانن بە ئازادانە لەبارەی ناداپەرەوەرییەوە راپۆرت و وتار بنووسن، چونکە تووشی چەندین جۆر سزا دەبن، هەر لە گرتن و ئەشکەنجەدان و تۆمەت هەڵبەستنی ناڕەوا تا دەگاتە ئاستی تۆمەتی سیخوڕیی تەنها لەسەر ئەوەی ئەگەر بێت و لایەنە نەرێنیەکانی دەسەڵاتدارانی حزبی یان ئیداریی ناوچەکە باس بکەن و چەندین نموونەی زەقیش لەم بارەیەوە هەن، کە دووانیان تۆمەتبارکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بواری مه‌ده‌نی بوو له سنووری بادینان بە تۆمه‌تی سیخوڕی و سزادانیان بە چەندین ساڵ زیندانی.
هەروەها دەڵێت: خەڵکی ئاسایی لە هەرێم و بە تایبەتی لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر سەرەڕای نەهامەتی و چەندین قەیرانی جۆراوجۆر کە رۆژانە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام ناتوانن بە ئازادانە هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن، بگرە ناتوانن بە وشەیه‌کیش باسی گەندەڵی و لایەن و کەسایەتییەکانی دەسەڵاتدار لە ناوچەکە بکەن، یاخود بە کۆمێنتێک لە سۆشیال میدیا، چونکە بەو هۆیەوە تووشی گرتن و لێپێچینەوە دەبن و سەرەڕای ئەوەش تۆمەتی جیاجیایان دەدرێتە پاڵ و بە جۆرێک سزادەدرێن کە خۆیان هەرگیز نەتوانن جارێکی دیکە باسی كه‌موكوڕییه‌كانی ئیدارەی ناوچەکە بکەن و خەڵکانی دیکەش لەو رێگەیەوە چاوترسێن دەکرێن، گۆران گۆرانی ئاماژەشی بەوەدا کە هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەرئاستی جیهان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکەدار ببێت.
ترساندنی رەخنەگران
هەر لەوبارەیەوە هۆگر سه‌لیم، كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی له ئامێدی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەرتەسکیی ئازادی و کاری روژنامەنووسی لە سنووری بادینان گەیشتۆتە ئاستێک کە خەڵک لەسەر کومێنت نووسین لە سۆشیال میدیا دەستگیر دەکرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی لێدەکرێت، لە هەموو سنوورەکەدا یەک دەزگای روژنامەوانی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ نییه کە بتوانێت بە ئاشکرا رەخنە لە دەسەڵاتی سنووری بادینان بگرێت، ئەگەر هەشبێت ئەوا لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندایە و هەرکاتێک کەناڵێک یان روژنامەنووسێك بە خواستی ئەوان کارنەکات، ئەوا دەزگاکە دادەخەن بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی بادینان نەگاتە دەرەوەی خۆیان.
مەترسیی لەسەر رەخنەگر
ئەو کادرەی یەکێتی وتیشی: دەسه‌ڵاتی بادینان بە جۆرێکە کە هەر کەسێک بە ئازادیی قسە بکات و رەخنە بگیرێت یان تەنانەت بە ئازادیش بیربکاته‌وه، هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخو هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كه‌ن یان به‌بێ بڕیاری دادگا دەستگیری دەکەن و تۆمەتی بۆ دروستدەکەن، ئەمەش هۆكاری بێدەنگیی خەڵکی بادینانە کە نەتوانن رەخنە لەو بارودۆخە خراپە بگرن کە تیایدان، چونکە بەپێی بەدواداچونەکانی ئێمە خەڵکی بادینانیش وەک خەڵکی ناوچەکانی دیکە لە زۆرێک لە کار و کردەوەکانی حکومەت ناڕازییە و داوای چاکسازیی دەکەن لە سێکتەرە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لە دەسەڵاتی تاک حزبی نیگەرانن باوەڕیشیان بەوە نەماوە کە ده‌سەڵاتدارانی سنووره‌كه بتوانن داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکەن، بەڵام کە رەخنەگرتن سزا و زیندانیی بەدواوەبێت، ئەوا ناتوانن ئازادانە قسە بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا یەکێتی زیاتر باوەڕی بە ئازادیی راده‌برین و کاری میدیا هەیە و هیچ كات نایەوێت رێگریی لە دەنگە ئازادەکان و بیروبۆچوونی رەخنەگرانە بکات، بۆیە زۆربەی کەناڵ و روژنامەکانی راگه‌یاندنی ئازاد لە سنووری پارێزگای سلێمانیدان، بەڵام دیسان هه‌ندێك کەناڵ و روژنامە ئەو ئازادییەی سلێمانییان قۆستۆتەوە بۆ مەرام و ئەجێندای سیاسیی دیکەی دوور لە خواستەکانی خەڵک.
شۆڕشی فیکری لە بادینان
هۆگر سەلیم هۆکاری دروستکردنی تۆمەتی سیخوڕی بو چالاکوانان و روژنامەنووسان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بەم رێگایە خەڵکی بادینان بترسێنێت، وتیشی ئاشکرایە ئێستا شۆڕشی فیکری لە بادینان لە گەشەکردندایە و ئەم شۆڕشە راستەوخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت لەسەر لاوازکردنی پێگەی خۆسەپاندن و ستەمکاری، چالاکوانان و روژنامەنووسانی بادینان له رابردوودا توانیویانە ببنە رێگەخوشکەر بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان ناڕەزایەتی دەرببڕن لە بەرامبەر گەندەڵی و جیاوازیی چینایه‌تی لە سنوورەکە، ئەمەش راستەوخو کاریگەریی هەیە لەوەی دەسەڵاتی ئیداریی و سیاسی و ئەمنی ناوچەکە سڵ بکەنەوە وەک دەبینین لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا ئەنجامەکەی ئاشکرابوو کە خەڵكی بادینان لە ده‌سه‌ڵات رازی نییە، بۆیە ئەو دەسەڵاتدارانەی ناوچەکە ئازادیی روژنامەنووناسان و چالاکوانان بە مەترسی بۆسەر خۆیان دەزانن.
ئاگادارکردنەوەی رۆژنامەنووسان
رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی هەر کاتێک رەخنە لە حکومەت یان له‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی ده‌سه‌ڵات قسه‌یان هه‌بووبێت، ئاگادار دەکرێنەوە كه بێده‌نگ بن، لەو بارەیەشەوە سه‌وسن شاهین، به‌ربژێری پێشووی یه‌كێتی بۆ په‌رله‌مانی عیراق له زاخۆ بۆ كوردستانی نوێی وتی: له سنووری پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر خه‌ڵكی هۆشیار و چالاک سەرکوتدەکرێن و ناهێڵن بە راستی و دروستی بنووسن، یان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن و خه‌ڵك هۆشیار بكەنەوە بۆئه‌وه‌ی به ئازادانه داوای مافه‌كانیان بكه‌ن، هه‌ركاتێكیش به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانیان تۆمه‌تی جۆراو‌جۆری وەک سیخوڕی یان بەکارهێنانی مادەی هۆشبه‌ر یان هه‌ر تۆمه‌تێكی تر‌بێت دەخرێتە پاڵیان و ده‌ستگیر ده‌كرێن و له ژێر گوشاری حزبی بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانیان ده‌درێت.
وتیشی: پێویسته دادگاكان سه‌ربه‌خۆ بن له بڕیاره‌كانیدا بەتایبه‌تی له‌سه‌ر كه‌یسی رۆژنامه‌نووسان، كه هه‌موو كات حزبی ده‌سه‌ڵاتداری سنووره‌كه‌مان ده‌نگی راست و ئازاد كپ ده‌كات، چونكه ترسیان هه‌یه رۆژنامه‌نووسان رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان بۆ هاووڵاتیان ئاشكرا بكه‌ن، ته‌نها له ده‌ڤه‌ری بادینان نا، به‌ڵكو له هه‌موو زۆنی زه‌رددا رێگە به خه‌ڵك نادرێت به ئازادانه داوای مافه‌كانیان بكه‌ن، هەروەها رێگە به میدیا و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ یان ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی سه‌ر به حزبه‌كانی ترن نادرێ ده‌نگی ناڕەزایی هاووڵاتیانی ئه‌و سنووره رووماڵ بكەن، ئه‌و دوو پارێزگایه به موڵكی خۆیان داده‌نێت پێیانوایە ئه‌وانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئەواندان دەبێت بە هه‌موو ناخۆشی و ئێش و ئازار و قه‌یرانێك رازی بن. هه‌روه‌ها ئه‌و ئازادیه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هه‌یە به‌هیچ ره‌نگێک له زۆنی زه‌رددا نابینرێت، وتیشی هه‌رێمێک نه‌توانێت ئه‌و مافه بداتە هاووڵاتیان و رۆژنامه‌نووسان به ئازادی كار بكه‌ن، چۆن ئیدیعای بە ده‌وڵه‌ت بوون ده‌كات؟
ده‌نگی ئازاد له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه
ده‌نگی ئازاد و رای جیاواز و دیموكراسی له بادینان بەگشتی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه، لەو بارەیەشەوە رۆژنامه‌نووسی دیاری ده‌ڤه‌ری بادینان رەدوان زاخۆیی بۆ كوردستانی نوێ وتی: ده‌نگی ئازاد و رای جیاوازی دیموكراسی له بادینان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه و رۆژبه‌ڕۆژ مه‌ودای كاركردن بۆ چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان کەم دەبێتەوە، ئه‌وه‌ش سیمایه‌كی ناشرین دەداتە ده‌ڤه‌ری بادینان، بێ ده‌نگی خه‌ڵكی بادینان مانای ئەوە نییە ژیان و گوزه‌رانیان بێ كه‌موكورتی بێت، هه‌ر كه‌سێك باس له مافی خۆی و مافه گشتیه‌كانی هاووڵاتیانی سنوره‌كه بكات نان‌بڕاو یان زیندانی ده‌كرێت، ئەمەش كه‌لتورێكی پاشكه‌وتووی سەقه‌ته و پێویسته نه‌مێنێت، چونكه ئه‌زموونی دیموكراسی له كوردستان به‌تایبه‌تی له بادینان له‌ژێر پرسیاری زۆردایه، داواكارین لە ده‌سه‌ڵاتی ده‌ڤه‌ری بادینان پێداچوونەوە بە ره‌فتاره‌كانیدا بكات.
ماكی دیموكراسی بە سلێمانییەوە دیارە
وتیشی به گشتی ماكی دیموكراسی و راوبۆچوونی ئازاد بەسەر زۆربه‌ی داموده‌زگاکان و میدیایاکان و بنكه و باره‌گای سه‌ره‌كی پارته ئۆپۆزسیۆنەکان لە پارێزگای سلێمانی و زۆنی سه‌وزەوە دیارە و ئازادن له خه‌باتی سیاسی، ده‌بینین خۆێندكاران و مامۆستایان و هه‌موو توێژەکان سه‌ربه‌ستن له خۆپیشاندان و ده‌سه‌ڵاتی سلێمانی پارێزگاری‌یان لێ دەکات و مافه‌كانیان به‌پێی ئه‌و ئیمكانیه‌تانەی له‌به‌رده‌سته بۆیان دابین دەکات، نموونه‌ش بۆ ئەوە داواكارییه‌كانی خۆێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگەكانی سنووری زۆنی سه‌وز بوو کە له‌لایه‌ن بافڵ جەلال تاڵه‌بانی-یەوە بۆیان جێبه‌جێكرا. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی خه‌مخۆری و وه‌فادارییه بۆ میلله‌ت و پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتنیشه لە بەها و مافه‌كانی مرۆڤ، سلێمانی نموونه‌یه‌كی جوانە له عیراق به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی، به پێویستی ده‌زانین ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و بادینان به‌تایبه‌تی سوود له فه‌لسه‌فه و دید و بۆچوونه‌كانی سەرۆک مام جه‌لال وه‌ربگرن، هەمیشە دەیوت: « هه‌ر كه‌س ره‌خنه له خۆم بگرێت گه‌رد‌نی ئازاد بێت».