غەززە لە سێ دیمەندا

12:25 - 2025-05-04
جیهان
84 جار خوێندراوەتەوە
#تا ئێستا 212 رۆژنامەنووس کوژراون

رووداوەکانی کەرتی غەززەی فەلەستین، ئەو بەشە بچووکەی سەرزەوی، ئەوەندە زۆربوون تا دەیان ساڵی دیکە دەوترێنەوە و لە تۆماری مێژوودا بە رۆژە کارەساتبارەکانی میللەتێك دادەنرێن.
لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، کە چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی هێرشیانکردەسەر ئیسرائیل و دواتریش ئیسرائیل بڕیاری کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززەی دەرکرد و هێرشی بەرفراوانی سەربازی دەستپێکرد، هەموو رۆژێكی ئەو جەنگە نەهامەتییەکی نوێیە بۆ خەڵکی غەززە و چیرۆکێکی تراژیدی دەخوڵقێنێت.
لێرەدا سێ دیمەنی گشتی و تایبەت دەخەینەڕوو، کە لە غەززەوە سەرچاوەیان گرتووە و بەجیهاندا بڵاوبوونەتەوە؛
دیمەنی یەکەم؛ دوێنێ دەیان رۆژنامەنووسی فەلەستینی لە شاری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە لە رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەریدا گردبوونەوە و وێنەی هاوپیشە کوژراوەکانیان بەرزکردبۆوە، کە بوونەتە قوربانیی جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس.
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی هەواڵی فەلەستین (وەفا)، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو جەنگەوە تا ئێستا 212 رۆژنامەنووس کوژراون، هەندێکیان لەگەڵ خێزانەکانیان لەناو ماڵەکانیان و لە ژێر بۆردووماندا گیانیانلەدەستداوە، هەروەها 409 رۆژنامەنووسیش برینداربوون.
جگە لەو کوژراو و بریندارانە، هێزەکانی ئیسرائیل 48 میدیاکاری فەلەستینییان دەستگیرکردووە.
دیمەنی دووەم؛ دوێنێ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی WFP زەنگی مەترسی لێدا و رایگەیاند: دانیشتووانی غەززە پێویستییەکی زۆریان بە خۆراك هەیە.
رێکخراوەکە لە نووسراوێکدا، کە لە تۆڕی X بڵاویکردۆتەوە، جەختیکردۆتەوە لەوەی خۆراکی عەمبارکراویان لە غەززەدا نەماوە، لەکاتێکدا هاوکارییەکان لە نزیکیانە، بەڵام بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکان، ئەو هاوکاری و کۆمەکانەیان پێناگات.
رێکخراوەکە باس لەوەشدەکات، خەڵکی غەززە بۆئەوەی لە ژیاندا بمێنن، پشتیان بە هاوکارییەکان بەستووە.
دیمەنی سێیەم؛ ژن و مێردێكی خەڵکی غەززە دوای چەند سەعاتێك لە هاوسەرگیرییان، بەهۆی بۆردوومانەوە گیانیانلەدەستدا.
سەنتەری فەلەستینی بۆ راگەیاندن بڵاویکردۆتەوە، ئەو ژن و مێردە رۆژی هەینی هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام بەرەبەیانی شەممە بەهۆی بۆردوومانکردنی خانووەکەیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، کوژراون.
بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش رفێندراون. لە بەرامبەردا داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی وەڵامی ئیسرائیل، زیاتر لە 52 هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززەدا کوژراون، بریندارەکانیش لە 118 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە.
کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان