یەكەم سەرۆكی چەپ بۆ كۆڵۆمبیا

09:45 - 2022-08-10
ڕاپۆرت
325 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

دوای دامەزراندنی گۆستاڤۆ پیترۆ وەك یەكەم سەرۆكی چەپ بۆ كۆڵۆمبیا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵێنیداوە بە گۆڕانكاریی ریشەیی لە وڵات، كە بەدەست نایەكسانی ‌و توندوتیژیی پەیوەست بە قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەرەوە دەناڵێنێت. 
گۆستاڤۆ پیترۆی تەمەن 62 ساڵ ‌و سیناتۆری پێشوو، لە رێوڕەسمێكدا سوێندی یاسایی خوارد.  
پێش دامەزراندنیشی وەك سەرۆكی كۆڵۆمبیا، گۆستاڤۆ پیترۆ لە بۆگۆتای پایتەخت رایگەیاند: ئەو حكومەتەی هیوای بۆ دەخوازین، دەبێت حكومەتی ئاشتیی بێت، ئومێد دەكەین كە سەقامگیری ‌و ئاشتیی بۆ وڵات دەستەبەر بكات، وتیشی: لێرەوە حكومەت لە پێناوی دادی ژینگەییدا كۆشش دەكات ‌و لە رێی ئاشتی ‌و ژینگەوە، سنوورێك بۆ لێكترازانی كۆمەڵایەتی دادەنێین.
هەروەها سەرۆكی كۆڵۆمبیا پێشنیازی دامەزراندنی سندوقێكی نێودەوڵەتیی كرد بۆ پاراستنی ناوچەی ئەمازۆن، كە پڕۆسەی نەهێشتنی دارستانەكان بەخۆیەوە دەبینێت، وتیشی: دەتوانین دانیشتوانی ناوچەی ئەمازۆنی كۆڵۆمبیا هانبدەین، تا دارستانەكان بپارێزن، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەوە، پێویستمان بە هاوكاریی مادییە لە سەرتاسەری جیهاندا. 
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، خاتوو فرانسیا ماركیز زانای ژینگە، وەك یەكەم كەسایەتیی بە رەچەڵەك ئەفریقی، سوێندی دەستووریی خوارد ‌و بووە جێگری سەرۆكی كۆڵۆمبیا. 
جێی ئاماژەیە، حكومەتەكەی گۆستاڤۆ پیترۆ لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەكرێت ‌و شەقامیش بە جۆرێك پشتیگریی دەكات، كە لەم ساڵانەی دواییدا هیچ حكومەتێك بەو شێوەیە ئەو پشتیوانییەی نەبووە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان