دوای چەند رۆژێك لە بەرپابوونی جەنگ لەنێوان هیندستان و پاکستان، دوێنێ ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەندرا، بەڵام نزیکەی 30 دەوڵەت نێوەندگیریی هەردوو زلهێزە ئەتۆمییەکەیان کردبوو، نەك تەنها ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا یەکەم کەس بوو ئاگربەستی نێوان هیندستان و پاکستانی راگەیاند و ئاشکرایکرد: هەردوو وڵاتەکە دوای گفتوگۆ و نێوەندگیریی ئەمریکا، رازی بوون بە راگرتنی جەنگ. وتیشی: خۆشحاڵم رایبگەیەنم، کە هیندستان و پاکستان بە ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ رازی بوون «پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات دەکەین، کە لۆژیکی دروست و زیرەکیی سەرسوڕهێنەریان بەکارهێنا».
لەم چوارچێوەیەدا تامی بروس وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد، کە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە رۆڵی نێوەندگیری بینیووە و رۆژی شەممە لەگەڵ لێپرسراوانی هیندستان و پاکستان قسەی کردووە و هانی داون رێگەکانی هێوربوونەوەی رەوشەکە بدۆزنەوە.
هەر تەنها ئەمریکا نێوەندگیر نەبووە لە پرۆسەکەدا، بەڵکو بە وتەی محەمەد ئیسحاق وەزیری دەرەوەی پاکستان، نزیکەی 30 دەوڵەت بەشداربوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگ لەنێوان پاکستان و هیندستان، لەنێویاندا سعودیە و تورکیا. وتیشی: ئەو دوو وڵاتە رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، لە دوێنێوە هەردوولا ئاگربەستیان دەستپێکردووە، هەرچەندە کەمێك یەکترییان تۆمەتباردەکرد بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و بوونی دەنگی تەقینەوە، بەڵام سبەینێ (دووشەممە) گفتوگۆی زیاتر دەکەن و دانوستاندن دەستپێدەکەن.
هەر لەگەڵ راگرتنی جەنگەکە، دوێنێ دەستەی فڕۆکەخانەکانی پاکستان کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا راگەیاند.
مانگی نیسان پەلامارێکی خوێناوی کرایەسەر ژمارەیەك گەشتیار لە بەشی هیندیی هەرێمی کشمیر، لەوێوە نیودەلهی بڕیاری دا تۆڵە لە ئیسلام ئاباد بکاتەوە، چونکە پێیوایە هەواڵگریی پاکستان لە پشت گروپە توندڕەوەکانەوەیە، کە ئەو کوشتارەیان ئەنجام دابوو.
کوردستانی نوێ