هونەرمەندی شێوەكار محەمەد فەتاح بەشی شێوەكاری لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی لە ساڵی 1985 تەواو كردووە و ساڵی 2009 ش بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی هونەر لە زانكۆی سلێمانی وەرگرتووە.
ئەو هونەرمەندە 22 پێشانگەی تایبەتی هەبووە و بەشداری لە 350 پێشانگەی هاوبەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی جیهان كردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی زێڕینە.
محەمەد فەتاح سەبارەت بە دوایین پێشانگەی خۆی بە ناونیشانی (سەد و یەك چیرۆكە تابلۆ) بە دوالاپەڕەی وت: ئەو پێشانگەیە بەلامەوە جوان و سەرنجڕاكێش بوو و ناوەكەشی بە رێكەوت بوو، چونكە ژمارەكەی زۆر جوان بوو، سەد و یەك چیرۆكە تابلۆ، هەر یەكەیان هەڵگری پەیامێكن، لە یەكەمین تابلۆدا منداڵێك دەگری و دێتە ناو ژیانەوە و دواتر پانۆڕامای ژیانی ئەو منداڵە لە 100 تابلۆكەی دیكەدا دەبینرێ، لە هەر تابلۆیەكدا كەشێكی رەنگاورەنگی جیاواز هەیە كە پەیوەندی بە چیرۆكی ناو تابلۆكەوە هەیە و بە پێی تابلۆكان رەنگەكان رۆڵی خۆیان بینیوە، من قسە لەسەر دنیای جوانی و ژینگەی دروست بۆ مرۆڤایەتی دەكەم، دەمەوێت بڵێم وەرن با جوانییەكان بپارێزین، رێز لە ئاكار و مرۆڤدۆستی و هەڵوێستی جوانی مرۆڤایەتی بگرین و رێگە نەدەین رق و كینە بەسەرماندا زاڵ بێت.
وتیشی: باڵندە و ماسی دوو جوانترین بوونەوەرن لە جیهاندا، دنیای ئەوان پاك و بێگەردە و راوچییەكان زۆر زاڵمانە دوای باڵندە و ماسییەكان دەكەون و دەستیان لێناپارێزن، مرۆڤەكانیش هەندێكجار دەستەیەكیان دەبنە نێچیر و دەستەیەكیشیان دەبنە راوچی.
لە كۆتاییدا وتی: وەرن با هەموومان جوانی سروشت و جوانی رەفتار بپارێزین و خاكمان خۆشبوێت و بەیەكەوە كار بۆ جوانییەكان بكەین.
جەواد حەیدەری