لاپەڕەی سەروەران
شەهید مستەفا محەمەد عەبدوڵڵا ناسراو بەمستەفای حەمەی شەمە، ساڵی 1962 لە گوندی (تەپەگوڵاوی) چاوی بەژیان هەڵهێناوە و ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و زۆر كاری گرنگی شۆڕشگێڕانەی ئەنجام داوە.
شەهید مستەفا ساڵی 1981 روویكردۆتە شاخ و لە كەرتی چواری تیپی 15ی شارەزوور بۆتە پێشمەرگە، بەهەمان گیانی سەردەمی خەباتی رێكخستنەوە بەشداریی لە خەباتی چەكداریدا كردووە و پێشمەرگەیەكی ئازاو دڵسۆزبووە، بەشداریی زۆرێك لەنەبەردییەكانی ناوچەكەی و شەڕ و داستانەكانی نێو هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، وەك: شەڕەكانی ناوچەكانی شارەزوور و شارباژێڕ و داستانەكانی قەیوان- ماوەت و رزگاری وگرتنی ناحیەی قەرەداخ و چەندین نەبەردی و چالاكی دیكە.
هەروەها ماڵەكەیان ببووە شوێنی پەنادان و پشوودانی پێشمەرگە و تەواوی خێزانەكەشی بەردەوام لە خزمەتی هێزی پێشمەرگەدا بوون.
شەهید مستەفا بەهۆی ئازایەتییەوە كرایە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی دووی تیپی 15ی شارەزوور، بەڵام بەداخەوە ئەوە دواپلەی پێشمەرگایەتیی بوو، لە شەوی 19\20/4/1987 لە نەبەردییەكەی ئازادكردنی ناحیەی قەرەداخ، شەهیدكرا و گەیشتە كاروانی نەمران.