فەرماندەكەی باڵەكایەتی

لە یادی هەشت ساڵەی شەهیدبوونی سەڵاح دیلمانیدا

10:21 - 2025-05-12
کەلتور
17 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

بەدرێژیی مێژوو و تائێستاش، لە هەر قۆناغێكدا هەر مەترسی و هەڕەشەیەك رووی كردبێتە خاك و وڵاتمان، پاڵەوانەكان رووبەڕووی بوونەوە و بەریان پێگرتوون، تێكیان شكاندوون و پیلانە مەترسیدارەكەیان هەڵوەشاندۆتەوە، خۆ ئەگەر نەشیان توانیبێت بەری پێبگرن بەهۆی گەورەیی قەبارەی مەترسییەكە و نابەرامبەریی هێز (لە نموونەی هێرشەكانی ئەنفال لە ساڵی 1988دا)، بەڵام تا دوا دەرفەت و بگرە دواتنۆكی خوێن، درێژەیان داوە بە رووبەڕووبوونەوەكە.
لەهەردوو حاڵەتەكەدا، پاڵەوانەكان داستانیان تۆماركردووە، لە شكاندنی دوژمندا داستانی سەركەوتن، لە دووەمیشدا داستانی جەنگین تا شەهیدبوون.
هێرشەكانی داعش بۆسەر كوردستان لە ساڵی 2014دا، یەكێكی دیكەبوو لەو مەترسییانە، ترسناكیی هێرشەكە هەر ئەوە نەبوو كە داعش گروپێكی تیرۆریست و توندەڕەوی بێبەزەیی دەستنەپارێزە، بەڵكوو دەستی هەندێك وڵات و هێز و گروپی سیاسیی لەپشتەوە بوو، ئامانجەكەش داگیركردن و وێرانكردنی هەرێمی كوردستان بوو، وەك ئەوەی لە 3/8/2014 لە بەشێكی كوردستان (قەزای شنگال) بەرامبەر ئێزیدییەكان كردیان، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و لەسەر دەستی پاڵەوانەكان، شكستیان خوارد.
سەڵاح دیلمانیی فەرماندە، یەكێك لە پاڵەوانەكانی شكستپێهێنانی داعش و پوچەڵكردنەوەی پیلانەكەیە، وەك چۆن لەخەباتی رزگاریی نەتەوەیی و لە سەردەمی شاخدا فەرماندەیەكی پاڵەوان بوو، ئاوا لە شەڕی بەگژداچوونەوەی داعشیشدا پاڵەوانێكی ئەو سەركەوتنەبوو.
بەگشتی رێڕەوی ژیانی سەڵاح دیلمانی پڕە لە هەوراز و نشێوو، لە 13 ساڵیدا كەوتۆتە زیندان و لە  14 ساڵیشدا بووە بە پێشمەرگە، لە پێشمەرگایەتیشدا مەردی ناو شەڕەكان بووە.
مێژوویەكی دەوڵەمەندی هەیە لە خەباتدا، ناوێكە شایستە و شایان بە پاڵەوانە، ناوبانگی تەنیا لە دیلمان و باڵەكایەتیدا قەتیس نەمایەوە و تەواوی كوردستانی گرتەوە.
ئەو ناوبانگ و درەوشانەوەیەش، بەگیانبازیی و دەستومەچەكی پۆڵایین و بە لوولەی تفەنگ بەدەستی هێنابوو.
ژیاننامەكەی
شەهیدی فەرماندە، سەڵاح ئیبراهیم محەمەد ئەمین ناسراو بە سەڵاح دیلمانی،
لەدایكبووی ساڵی 1963ی گوندی (دیلمان)ی باڵەكایەتییە، ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، هەمان ساڵ بە هۆی (شەهید شێرزاد)ی برایەوە كە ببوو بە پێشمەرگە لە مەفرەزە سەرەتاییەكاندا، ماوەی ساڵێك لەگەڵ باوك و دایك و دوو برای دیكەیدا دەستگیركران و تا ساڵی1977  لە زینداندا، مانەوە، دوای ئازادبوونی و هەمان ساڵ بوو بە پێشمەرگە لە هەرێمی حەوتی باڵەك.
ساڵی 1979 بۆتە فەرماندەی مەفرەزە، ساڵی 1983 بۆتە جێگری فەرماندەی كەرت لە تیپی 78ی كارۆخ و ساڵی 1985یش بۆتە فەرماندەی كەرتی پێنجی گەڵاڵە لە هەمان تیپ.
ساڵی 1988 بۆتە جێگری دەستەی كارۆخ بۆ مەفرەزە پارتیزانەكان، 1989 بۆتە جێگری فەرماندەی تیپی 41ی قەندیل.
ساڵانی 1990-1991 بە بڕیاری سەركردایەتی شۆڕش، فەرماندەیی مەفرەزەیەكی پارتیزانی كردووە لە سنووری راپەڕین بۆ بەستنەوەی رێكخستنەكانی ناوشار بە سەركردایەتییەوە بۆ خۆسازدان و راپەڕینی 1991. 
ساڵی 1991 تا ساڵی 2002 چەندین ئەرك و بەرپرسیارێتیی گرنگی پێ سپێردراوە، لەوانە: فەرماندەی تیپی 41ی قەندیل جێگری فەرماندەی بەتالیۆن، فەرماندەی فەوج، فەرماندەی بە تالیۆنی پێشمەرگە دێرینەكان، جێگری فەرماندەی لەشكری 11ی باڵەك، كارگێڕی مەڵبەندی شەشی سۆران و فەرماندەی لەشكری 11ی باڵەك، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و فەرماندەی لیوای 118ی باڵەك. 
ساڵی 2001 بەشداریی خولی تایبەتی فەرماندەیی كردوە و بۆتە ئەفسەر، دوا پلەی لیوا بووە.
شەهید سەڵاح فەرماندەیەكی ئازا و پێشمەرگەیەكی گیانلەسەردەست بووە، بەشدار و سەرپەرشتیاری دەیان داستان و نەبەردییە، وەك: شەڕەكانی گابیرێز، هەڵەمووند، داستانی رزگاری، قەیوان-ماوەت، كارۆخ، گرتنی سەری رەش، سادر و چەكوچ، داستانی كۆڕێ، راپەڕینی شاری كەركوك و زۆری دیكەش، چوارجاریش بریندار بووە.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی داعش وەك فەرماندەی لیوای 118ی باڵەك و جێگری فەرماندەی میحوەر كە لە سەرجەم بەرەكانی: جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، كەركوك، مەلاعەبدوڵڵا، تەلەلوەرد، مەكتەب خالید و داقوق، بەشداریی كردووە و رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
بەداخەوە، رۆژی 12/5/2015، لەگەڵ دوو پێشمەرگەدا، لە گوندی عەتشانە بە بۆمبی چێنراوی داعش، شەهیدكران.
شایانی باسە، شەهید سەڵاح كەسێكی باوەڕداربووە و ساڵی 2013 سەردانی ماڵی خوای كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان