جیهانی سایبرانی و هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان

08:12 - 2022-03-27
ئابووری
463 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی*

(2 – 2 و کۆتایی)
لە نووسینی پێشوودا روونكرایەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان كار لەسەر دابینكردنی پێداویستییەكانی جیهانی سایبرانی دەكات و گرنگیی بە وەڵامدانەوەی گۆڕانكارییەكانی دەدات، ئەمەش لە پێناوی دەستەبەركردنی ئەو ئامانجانەی لە میساقەكەیدا هاتووە. بۆ نموونە، نووسینی پێشوو لەبارەی ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی بەكارهێنانی ئامرازەكانی جیهانی سایبرانی و بڵاوكردنەوەی كەلتووری پێویستی ئەم جیهانی سایبرانە بوو بۆ هەموان، هەروەها بایەخدان بوو بە بونیادی بنچینەیی پێویستی ئەو جیهانە، وێڕای كاركردن و هاریكاری نێوان دەوڵەتان، نووسینەكە پشتی بەو بڕیارانەی لە كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو بەڵگەنامە هەمەجۆرانەی تر كە دەرچووێنرابوون، بەستبوو.

پەرەدان بە میتۆدەكانی خوێندنی گشتی
ئەم نووسینە، پێدراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ جیهانی سایبرانی تەواو دەكات، ئەو كۆنگرە نێودەوڵەتییانە دەخاتەڕوو كە بە چاودێریی ئەو كراون، هەروەها بایەخ بە كاروباری هاریكاریی لەگەڵ یەكێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەكان (ITU) و چالاكییەكانی دەدات. پاشان تیشك دەخاتە سەر ئەو مەنــزومــەی زانیــارییـە و ئـەو نـووسیـنگـەی تـەكـنۆلـۆجیای زانـیاری و پــەیـوەنـدیـیـەی (UN-OICT) نەتەوە یەكگرتووەكان دایمەزراندووە.
جێی خۆیەتی لێرەدا، لە خستنەڕووی كۆنگرەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2000، كاتێك بە چاودێریی ئەو رێكخراوە كۆنگرەی هەزارە بەسترا، ئەوكات ئەوەی ناوی ئامانجی گەشەپێدانی هەزارەی (MDG) لێنرا، لەنێو ئەو ئامانجانە، زەرورەتی هەنگاونان بەرەو فەراهەمكردنی ئاستی فراوانی تەكنۆلۆجیای سوودبەخش بۆ گەشەپێدان هاتبوو، بەتایبەتیش تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیی. لەبەر گرنگیی روو لە زیادبووی ئەم تەكنۆلۆجیایە، ئەو كۆنگرەیە كۆنگرەیەكی تری بەدوای خۆیدا هێنا، كۆنگرەیەكی پسپۆڕی بوو، كۆنگرەی باڵای كۆمەڵگەی زانیاری (WSIS) بوو كە بە دوو قۆنا‌غ بەسترا، یەكەمیان لە ساڵی 2003 لە جنێڤ و دووەمیشیان لە ساڵی 2005 لە تونس بوو، ئەم دوو كۆنگرەیە بە هاریكاریی یەكیتیی نێودەوڵەتی پەیوەندیی بەڕێوەچوو.
كۆنگرەی باڵای زانیاری ئامانجەكانی لە دوو لایەنی سەرەكییدا خستەڕوو: یەكەمیان بونیادی تەكنۆلۆجیای كۆمەڵگەی زانیاری و دووەمیان بە بونیادی مرۆییەوە پەیوەست بوو. لایەنی بونیادی تەكنۆلۆجیا بایەخی بە تواناداركردنی هەموو خەڵكی بە تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیی دا، لەلایەكی تریشەوە، تواناداركردنی لایەنەكانی خزمەتگوزاریی بوو بەو تەكنۆلۆجیایە كە خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستی و حكومی و ئەوانی تری لە خۆگرتبوو، بەڵام لایەنی بونیادی مرۆییەكەی، جەختی لەسەر پەرەدان بە میتۆدەكانی خوێندنی گشتی کردبۆوە تا هەموان شارەزاییان لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای زانیاری هەبێت و بتوانن سوودی لێ وەربگرن، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە، هانی هەموان بدرێت تا تواناكانیان لە دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی زانیاریی ئینتەرنێت بە هەموو زمانەكان بەگەڕبخەن. كاركردن بۆ دەستەبەركردنی ئەو ئامانجانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیی و ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەكانی فراوان كرد، بەدواشیدا تواناكانی جیهانی سایبرانی فراوان بوو، وایكرد جیهانی مادی زیاتر پشتی پێ ببەستێت.
یەكێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیی وەك دەستەیەكی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای هەوڵەكانی لە كۆنگرەی باڵای كۆمەڵگەی زانیاری، هەوڵی تری بۆ داڕشتنی پێوەرەكانی تەكنۆلۆجیای جیهانی سایبرانی و شێوازەكانی بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لەو جیهانە داوە. هەوڵەكانی گرێدانی كۆنگرەی پسپۆڕی بۆ خستنەڕووی كاروبارەكانی ئەو جیهانە لەخۆگرت، بەتایبەتیش لە بواری ئاسایشی سایبرانی (Cyber security). لەبەر گرنگیی ئەم پرسە لەسەر ئاستی جیهان، ئەم كۆنگرانە لە چەندین شاری جیهاندا گرێدران، دیارترین ئەو كۆنگرانە لە رووی دەرئەنجامەكانییەوە، كۆنگرەی بۆدابستی پایتەختی هەنگاریا لە ساڵی 2001 و كۆنگرەی بوزان (Busan) كە شارێكی كۆریای باشوورە لە 2014.

پاراستن لە تاوانی سایبرانی
كۆنگرەی بۆدابست سێ تەوەری سەرەكی بۆ نەهێشتنی خراپ بەكارهێنانی تاوانكارانەی تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیی خستەڕوو. تەوەری یەكەم بایەخدان بوو بە داڕشتنی پێوەرە گشتییەكانی پاراستن (Common Standards) لە تاوانی سایبرانی. دووەمیشیان، هاریكاری و بونیاتنانی توانای مرۆیی (Capacity Building) بوو. سێیەمیشیان، هەڵسەنگاندنی بەردەوام و بەدواداچوون بوو.

راڤەكردنی داتا و زانیارییەكان
كۆنگرەی بۆزانیش سێ راسپاردەی سەرەكی پێشكەش كرد، یەكەمیان چالاككردنی رۆڵی یەكێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیی لە رێكخستنی تەكنۆلۆجیای جیهانی سایبرانی و زیادكردنی متمانەپێكردنی بوو. دووەمیان، داوای رێكەوتنێكی ئاسایشی نیودەوڵەتیی سایبرانی كرد كە هاریكاریی نێوان دەوڵەتان لە پاراستنی ئەو ئاسایشە بوو. سێیەم راسپاردەیان، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارە سوودمەندەكانی ئـاسـایـشـی سـایـبـرانی (Multi-Stakeholders) كرد تا دانوستان لەبارەی پاراستنی ئەو ئاسایش و شەراكەتە بۆ دەستەبەركردنی ئەو پاراستنە بكەن. چالاكییەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیی لە گرێدانی كۆنگرە و داڕشتنی پێوەر و پتەوكردنی هاریكاریی لەسەر ئاستی دەوڵەتان، هەروەها لەسەر ئاستی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە، تا بە باشترین شێوە سوود لە جیهانی سایبرانی وەربگیرێت و پارێزگاری لە چالاكییەكانی بكرێت.
سەبارەت بەو مەنزومە زانیارییەی تایبەتە بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لە ستراتیجیەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانە تایبەت بە زانیاری گوزارشتی لێكرا، تێڕوانینی ئەو ستراتیجیەتە كار بۆ بونیاتنانی مەنزومەیەكی زانیاری بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات و هەوڵی لابردنی رێگرییەكانی و بەردەوام سوودوەرگرتنی تەواو لەو زانیارییانە دەدات، تا بڕیاری دروست لە بەرژەوەندیی مرۆڤ و كۆی جیهان بدرێت.
ئەو ستراتیجیەتە ئەوە روون دەكاتەوە كە دەبێ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو داتا و زانیارییانە، ئەمانە لەخۆبگرێت: راڤەكردنی داتا و زانیارییەكان تا بە وردتر لە ناوەڕۆكەكەی بگەن، ئیدارەدانی داتا و زانیارییەكان تا زامنی گەیشتنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات. ئاڕاستەی ئەو ستراتیجیەتە ئەمە لەخۆدەگرێت: بایەخدان بە مرۆڤ و شارەزایی و كەلتوورەكەی، حەوكەمەكردنی داتا و زانیارییەكان لەسەر ئەو بنچینەیەی كە مایەی (رصید) هاوبەشی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانە، هەروەها شەراكەت لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان كارێكی گرنگ و گونجاوە. وێڕای ئەوەی زامنكردنی ژینگەیەكی گونجاوی تەكنۆلۆجیایە بۆ بەكارهێنەرانی تا باشترین ئەدایان هەبێت. نووسینگەی تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندی (UN-OICT)، كە نەتەوە یەكگرتووەكان دایمەزراندووە، ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری زانیاریی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئاستی جیهانی لە ئەستۆ گرتووە.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان