ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران: هەرێم و بەغدا رێككەوتوون و كارگەكانیش لە سیستم و داتابەیسی گشتیدا تۆماردەكرێن

12:01 - 2025-05-12
کوردستان
41 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی گواستنەوەی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانی دیكە عیراق، كە ماوەیەكە لە بازگەكاندا رێگریی لێدەكرێت.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی بەغدا داوای تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانی كرد، تا بتوانن بەرهەمەكانیان بۆ ناوچەكانی دیكەی عیراق بگوازنەوە، گرفت بۆ بازرگان و خاوەن كارگەكانی هەرێم دروست بوو، تەنانەت گەیشتە ئەو رادەیەی كە لە بازگەكانیشدا رێگریی لە بردنی بەرهەمەكانیان دەكرا بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست، وتیشی: دوای ئاگاداركردنەوەمان لەو كێشەیە، هەوڵەكانمان خستەگەڕ و پەیوەندیمان بە لایەنی بەرپرسەوە كرد، خۆشبەختانە ئێستا جۆرێك لە رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە، كە كارگەكان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا تۆماربكرێن، پاشان ناویان لە سیستم و داتابەیسی گشتیدا، تۆماربكرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت: بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی هاتووەتە ئاراوە ئێستا رێگە بە بردنی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان دەدرێت بۆ شارەكانی دیكەی عیراق، هەروەك بۆ خێرا راییكردنی مامەڵەی بارهەڵگرەكان، لە بازگەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كاردەكرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی رێگەوبان و دابینكردنی ئامێری سۆنەر و پشكنین، كە ئەوانەش بەشێك بوون لە هۆكاری دروستبوونی كێشە بۆ ئەو بارهەڵگرانەی بەرهەمی كارگەكانیان دەگواستەوە، كە بەپێی رێككەوتن و هەوڵەكان بێت، چیتر ئەو كێشانە دروست نابنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان