دوای ئەوەی ئەمریكا و چین رێككەوتن تاریفەی گومرگی بۆ ماوەی 90 رۆژ لەسەر كاڵاكانی یەكدی كەمبكەنەوە، نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهان و هەرێمی كوردستان، دابەزینی بە خۆیەوەبینی و مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت: «پێشبینی دەكرێت نرخەكەی تا كۆتایی هەفتە زیاتر دابەزێت، بەڵام دواتر بەرزدەبێتەوە».
لەبارەی كاریگەریی ئەو رێككەوتنەوە، بیلال رەئوف ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ باجی گومركی لەسەر چەند وڵاتێكی جیهان راگەیاند لەنێویاندا چین، بووەهۆی ئەوەی چەند كێشەیەك لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروستببێت و هۆكارێكیش بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دابەزینی پێنوێنییەكانی بازاڕەكانی جیهان و ئەمریكا و ئاسیا و چینیش بە هەمان شێوە. وتیشی: كاتێك باجی گومركی وایكرد نرخی زێڕ بەرزببێتەوە، بێگومان لە كاتی رێككەوتن و لابردنی باجی گومركی، وەك لە كۆبوونەوەی هەردوولا لە جنێف، بڕیاری لەسەر درا، كاریگەریی پێچەوانە دروستدەكات و نرخی زێڕ ٪3 دابەزینی بەخۆیەوەبینیوە و نرخی هەر ئۆنسەیەك گەیشتۆتە 3208 دۆلار، كە نزمترین بووە تا ئاستێك.
ئەو ئابووریناسە، پێیوایە دابەزینی نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت و ئەگەر هەیە تا رۆژی هەینی، كە بازاڕەكانی جیهان دادەخرێن، نرخەكەی زیاتر دابەزێت، بەڵام لە هەفتەكانی ئایندەوە جارێكی دیكە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی زیاتر تۆماردەكات، چونكە بە تەنها باجی گومركی هۆكار و فاكتەر نەبووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، راستە رەنگە پرۆسەكەی خێراتر كردبێت و زووتر نرخەكانی بەرزكردبێتەوە، بەڵام فاكتەری دیكە هەیە، وەك؛ كەمیی زێڕ لەسەرئاستی جیهان، بوونی خواستێكی زۆر و بەكارهێنانی لە پیشەسازیدا، هەروەها باشبوونی دۆخی وڵاتانی هیندستان و چین، كە وادەكات داخوازی لەلایەن خەڵكەوە بۆ جوانكاری وەك كلتوری هەڵگرتنی، زیاتر بكات».
هیوا كازم