روسیا رێگە بە هەناردەی غازی وڵاتان دەدات؟

هاوپەیمانیی دارایی و داهاتووی ئیمپراتۆرییەتی دۆلار

08:14 - 2022-03-28
ئابووری
541 جار خوێندراوەتەوە
دۆلار

ئا: یادگار عەلی
«لەمەودوا لە مامەڵەی فرۆشتنی غازی سرووشتی روسیا بە وڵاتانی نادۆست (وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا)، لە بری دۆلار، دراوی رۆبڵی وڵاتەكەمان وەردەگرین»، ئەمە وەڵامی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیایە، بەرامبەر ئەو هەزاران سزایەی كە ئەمریكا بەسەر كەرتە جۆراوجۆرەكانی بواری (ئابووری، پیشەسازی، سەربازی و سیاسی) مۆسكۆدا سەپاندوویەتی.
زیان بە ئابووریی ئەمریكا دەگەیەنێت
تائێستا ئەمریكا (55) هەزار سزای هەمەجۆری بەسەر كەرتی نەوت و وزە و كەسایەتی و دامەزراوە جۆربەجۆرەكانی روسیادا سەپاندووە.
ئێستا روسیا لەگەڵ چین و سعودیە هاوپەیمانێتی دارایی سێقۆڵی پێكهێناوە، مەبەستیان ئەوەیە هەردوو دراوی «رۆبڵ»ی روسی و «لیوان»ی چینی كە لە ئاڵتوون دروستكراون، لەگەڵ «ریاڵ»ی سعودی بە تەواوی بەهای دراوی دۆلار لە جیهاندا دابەزێنن.
سیاسەتەکانی ئەم دوایەی واشنتۆن، پێدەچێت پاڵ بە هیندستان و ئیماراتیشەوە بنێت كە بە رۆبیە و درهەمەوە بێنە نێو هاوپەیمانییە داراییەكە و ئەوەندەی تر، گورز لە بەهای دۆلار بوەشێنن. عەرەبستانی سعودیش راشكاوانە رایگەیاندووە: نەوتەكەیان بە «لیوان»ی چینی دەفرۆشن، ئەوەش ناڕاستەوخۆ خزمەت بە هەوڵەکانی دابەزاندنی بەهای دۆلار دەكات کە لە داهاتوودا زیان بە ئابووریی ئەمریكا دەگەیەنێت.
روسیا بە ئاشكرا و لە زاری سەرۆكەكەیەوە، ئاگاداری هەموو وڵاتانی نادۆستی كردۆتەوە، لە بری غازی سرووشتی، تەنیا رۆبڵ وەردەگرن. وەڵامی روسیا تەنیا لە بواری غازی سرووشتی ناوەستێت، بەڵكو روونە كە مۆسكۆ (نەوت، مووشەك، پاتریۆت، یۆرانیۆم، مەگنیسیۆم، فڕۆكە و گەنم)یش رەوانەی دەرەوە دەكات و كۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی لەو بوارانەدا بەدەستەوەیە. چینیش با لەولاوە بوەستێت.
پلەی یەكەمی گرتووە
هەر بۆ زانیاری، روسیا یەكەمین وڵاتی هەناردەكاری غازی سرووشتییە لە جیهاندا و لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتیشدا، پلەی دووەم و لە كەرتی گەنمیش دیسان پلەی یەكەمی گرتووە و زۆرترین یۆرانیۆم و مەگنیسیۆمیش هەناردە دەكات. ئەگەر بێتو لە بری هەموو ئەوانە دراوی رۆبڵ وەربگرێت، بێگومان بەهای دراوی دۆلار لەسەر ئاستی جیهان، تووشی زیانی زۆر دەبێت.
روسیا دۆستگەلێكی زۆری لە باكووری ئەفریقادا هەیە و دوور نییە سبەی ئەوانیش فرۆشتنی غازە سرووشتییەكەیان بە دراوی وڵاتەكەی خۆیان بفرۆشن و لەولاوە بێنە نێو ئەو هاوپەیمانێتییە داراییەی كە (پەكین، مۆسكۆ و ریاز) پێكیانهێناوە. بەتایبەت كە چەند رۆژێک لەمەوبەر جەزائیرییەكان داوایەکی (کۆشکی سپی)یان بۆ هەناردەی غازی سرووشتی بە رێگەی مەراكیش بۆ ئیسپانیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، وەك جێگرەوەی غازی سرووشتی روسیا رەتكردۆتەوە.
״گەنجینەكان پڕ بوون لە پارە و ئاڵتوون״
لەدوای هاوپەیمانێتییە داراییەکەی (پەكین، مۆسكۆ و ریاز)، ئێستا بەهای دراوی هەردوو وڵاتی روسیا و چین بە رێژەیەكی ئێجگار زۆر بەرزبۆتەوە. هەندێك چاودێری سیاسی و دارایی جیهان باس لەوەدەكەن، مۆسكۆ شەڕی ئۆكرانیا لە قازانجی ئەو بارە داراییە نوێیە دەكات و گەنجینەكانی روسیا پڕ بوون لە پارە و ئاڵتوون.
دەبێت بزانرێت ئەوروپا هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری غازی سرووشتی روسیا بێت. سەرۆكی روسیا بەڵێنی ئەوەی داوە كە هەر وڵاتێك بیر لە جێگرتنەوەی غازی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا بكاتەوە، وڵاتێكی دوژمنكارە و بە سەختی باجەكەی دەدات. گومانی تێدا نییە ئەو هۆشدارییە تا ئاستی بەرپاكردنی جەنگ دەڕوات. ئەوە شەڕی ژیان و مردنە بە لای روسەكانەوە.
ئەگەر بە وردی تەماشای سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتە نەیارەكانی بكەین، دەبینین بە ئەندازەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەریان نەبووە. بێگومان سەپاندنی سزا بەسەر روسیا و چین جیاوازترە لە وڵاتانی تری جیهان. وەڵامی ئەو دوو وڵاتە هێنانەكایەی سیستمێكی نوێی دارایی و سیاسییە لە جیهاندا.
روسیا كێشەی قەرزی نەماوە
سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی چین پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجامدا و لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەش، كۆبوونەوەی فراوان و دوورو درێژ لەنێوان پەكین و واشنتۆن كرا و داواكرا چین ئیدانەی هێرشی مۆسكۆ بۆ سەر كێڤ بكات، بەڵام چینییەكان ئەوەیان نەكرد.سەرۆكی چین نیگەرانی چەندین ساڵەی وڵاتەكەی بەرامبەر بە مانۆڕی سەربازی و بێزاركردنی وڵاتەكەی لەلایەن ئەمریكا و كۆكردنەوەی هێز و كەشتیگەل لە ناوچەكە لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەربڕی و لە بری ئیدانەی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ئاماژەی بە ئامادەكاریی بۆ داگیركردنی (تایوان) كرد.
بەشێكی گەورەی هۆكارەكانی پشت هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤێتی پێشوو، بۆ كەڵەكەبوونی قەرزێكی ئێجگار زۆر لەسەر روسیا گەڕێنرایەوە، بەڵام ئێستا روسیا كێشەی قەرزی نەماوە و بەرنامەی هەیە یەكێتییەكە بەشێوەیەكی فراوانتر لە جاران پێكبهێنێتەوە.
سەرۆكی روسیا لەگەڵ گوفتار، كرداریشی هەیە و هەر ئەویش بوو لە مانگی ئازاری 2011دا رێگری لەوەكرد غازی سرووشتی قەتەر بە بۆری و بە رێگەی سوریا هەناردە بكرێت. قەتەر دوو تریلیۆن دۆلاری بۆ روخاندنی رژێمی سوریا خەرجكرد، مۆسكۆ رژێمەكەی راگرت و ئامانجەكەی دەوحە بەدینەهات، بۆیە دەبێت دڵنیابین كە مۆسكۆ هەرگیز رێگەنادات بەو ئاسانییە غازی سرووشتی وڵاتان بگات بە ئەوروپا و بەندەرەكانی جیهان.

* سوود لە وتارێكی عەبدولباری عەتوان، نووسەر و رۆژنامەنووسی فەلەستینی وەرگیراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان