هونەرمەندی شێوەكاری كەركوكی دەڵێت: هەوڵمداوە كە جلوبەرگی كوردی لەناو تابلۆكانم رەنگبدەنەوە.
ڤیان ئەحمەد بە دوالاپەڕەی وت: هەر لە منداڵییەوە هەستی جوانی بە تایبەتی كاری دەستی و جوانی رەنگەكان لام دروستبوو، هەر ئەوەش وایكرد كە بە دوای جوانییەكاندا بگەڕێم.
وتی: لە ساڵی 2014ەوە دەستم بە وێنەكێشان كردووە و تاڕادەیەكی زۆر ئەوەی لە ناخمدایە دەیهێنمە سەر تابلۆكانم، منیش وەك ژنێك هەوڵمداوە تابلۆكانم گوزارشت لە جوانی ژن بكەن، هەروەها جلوبەرگی كەلتوری و سەردەمیانە لەناو تابلۆكانمدا تێكەڵ دەكەم.
ڤیان ئەحمەد سەبارەت بە كاریگەریی هونەرمەندان بەسەر تابلۆكانییەوە وتی: كاریگەریی هیچ هونەرمەندێكم بەسەرەوە نییە و تەنها هەستی خۆمن و تابلۆكان بە جۆرێك لە جۆرەكان گوزارشت لەناخی خۆم دەكەن و سوپاسی هاوسەرەكەم دەكەم كە پاڵپشتمە.
ئەو شێوەكارە كەركوكییە ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەندامی هەردوو سەندیكای هونەرمەندانی عیراق و هەرێمە، هەروەها وتیشی بەشداریی لە چەندین پێشانگەی هاوبەشدا كردووە لە شارەكانی كەركوك و سلێمانی و هەولێر و بەغدا و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە و هیواشی خواست كە خانمە شێوەكارانی كەركوك سوور بن لەسەر كاروچالاكییەكانی خۆیان و رۆڵ ببینن لە بەرەوپێشخستنی هونەری شێوەكاریی لە شارەكەدا.
رزگار شوانی – كەركوك