لیژنەكانی قائیمقامیەت و هێزە ئەمنییەكان، سەرجەم كاسبكاران و دەستگێڕانی سەر پردی خەباتی كەركوكیان لابرد، سەرپەشتیاری لیژنەكانیش ئەوە دەخاتەڕوو كە پێشتر ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام پابەند نەبوون.
عەلی محەمەد سەرپەشتیاری لیژنەكانی قائیمقامیەتی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشتر كاسبكار و دەستگێڕانی سەر پردی خەبات ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێت لەو شوێنەدا بڕۆن، بەڵام پابەند نەبوون، كە بەهۆی زیادەڕۆییەكانیانەوە ئاستەنگی هاتوچۆیان دروستكردبوو، بۆیە بڕیاردرا لەو شوێنە دووربخرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێكی تر.
هەر لەوبارەیەوە، ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی وت: هەڵمەتەكە، بازاڕەكانی گەراجی حەویجەی كۆن، باڵندەكان، شەقامی سەڵاحەدین، بازاڕی قۆریە، شەقامی پزیشكان و بازاڕی دۆمیز دەگرێتەوە، كە كاسبكارانی ئەو شوێنانە زیادەڕۆییان كردووەتەسەر شۆستە و شەقامە گشتییەكان و تەنانەت بەشێكیشیان داگیریان كردووە.
هێمن ئەحمەد