دوێنێ، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا و سەرۆكی پارتی ئایندە، سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال-ی كرد و لەلایەن قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەت، د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت، پێشوازیكرا.
ئەحمەد داود ئۆغڵو دوای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا، لە دەفتەری یادەوەرییەكاندا بەڕێزەوە باسی لە پەیوەندیی دێرینی خۆی و سەرۆك مام جەلال كرد و ئاماژەی بەوەكردووە: ئەمڕۆ هاتم رێزی خۆم نیشانی هاوڕێكەم دا، وێنە جوانەكانی مام جەلال لە بیرماندا ماوە، مام جەلال هاوبەشی هەمووان بوو، تەنها هی سلێمانی و عیراق نییە، بەڵكو بۆ هەمووانە و ئەمڕۆ هاتم رێزی خۆمی نیشان بدەم، سلێمانیش وەكو زێدی من وایە و هاتنم بۆ ئێرە شەرەفێكی گەورەیە، ئەوەشی خستۆتەڕوو: ئەركی من بوو بێم و سەردانی مەزارەكەی بكەم، دوایینجار كە وەك وەزیری دەرەوە هاتم زۆر نەخۆش بوو، بەداخەوە نەمانتوانی بیبینین، بۆیە تەنها سەردانی هێرۆخانمان كرد، راشیگەیاند: لەگەڵ خانەوادەی سەرۆك مام جەلال، وەك یەك خێزانین، قوباد تاڵەبانی وەك برام وایە و كاتێك بانگهێشتی كردم بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی، تەنانەت دووجار بیرم نەكردەوە و وتم بەڵێ.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، سوپاسی ئەحمەد داود ئۆغڵوی كرد و بەگرنگییەوە باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی یەكێتی و پارتی ئایندە كرد.
شایانی باسە، هەردوێنێ، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كەركوك، پێشوازی لە ئەحمەد داود ئۆغڵو كرد.