راپۆرتێک لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە

״یەكێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندایە״

10:41 - 2022-08-11
ڕاپۆرت
554 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە دۆخی هەرێم و هاووڵاتیان باس دەكات و تەئكید لە چارەسەری كێشەكان دەكاتەوە.
سەرۆك بافڵ، بە راشكاوی ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر ئەم گەمارۆدانە بەردەوام بێت ئەوا یەكێتی لە حكومەت دەكشێتەوە، چونكە ناكرێت یەكێتی لەبری حكومەت پارەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی شار لە خۆڵ و خاشاك بدات.
سەرۆك بافڵ، دەربارەی هەمان كۆبوونەوە، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكان، باسی لەوەكرد كە بڕیاریانداوە گفتوگۆكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوام بێت. تەئكیدیشی لە هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە كردۆتەوە لەوەی یەكێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە و لەگەڵ هەڵبژاردنێكن بە یاسایەكی دروست بێت، ئەوەشی خستۆتەڕوو كە بۆ پرسی هەڵبژاردن كات دیاری نەكراوە و كاتی زۆر لەبەردەستە.
سەرۆك بافڵ، لەبارەی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و سلێمانی و خوێندكاران بەتایبەتی، لە كۆبوونەوەكەدا تەئكیدی لە چارەسەری ئەو كێشانە كردۆتەوە و لە لێدوانێكیشدا بۆ كەناڵی كوردسات نیوز، رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا باسی خراپیی دۆخی دارایی سلێمانی-یان كرد و تەئكیدیان لە چارەسەركردنی كێشەی خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە.
لەبارەی لێدوان و هەڵوێستەكانی سەرۆك بافڵ-یشەوە، عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵ‌ و خاشاك و دەرماڵە و نەخۆشخانەكانی سنووری سلێمانی چارەسەرنەكرێت، باسی لەوەشكردووە كە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجیی ئەو بوارانە دابیندەكات، بۆچی دەبێت لەبری حكومەت حزب ئەو كارانە بکات؟
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا، سەرۆك بافڵ، باسی لەوەكردووە كە هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان داوا دەكەن چاكسازیی راستەقینە بکرێت لەپێناوی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستاندا.

#سەرۆکایەتیی هەرێم

بابەتە پەیوەندیدارەکان