هاوڕێ نیزام ئەندامی دەستەی پاڵپشتیی ناحیەی رزگاری بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ گەیاندنی كێشە و داواكارییەكانی ناحیەی رزگاری، دەستەكەمان لەگەڵ جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان كۆبووینەوە و ژمارەیەك داواكاریمان پێشكەشكرد.
راشیگەیاند: داوای دابینكردنی پۆلیسی فریاكەوتنی (104)مان كرد، چونكە ماوەیەكە ناحیەکەمان گرفت و كێشەی زۆری تێدا روودەدات و پێویستە هێزە ئەمنییەكان زیاتر بكرێن، بۆ ئەوەی رێگری لە روودانی تاوانی نەخوازراو بکەن.
وتیشی: پەلەبكرێت لە پرۆژەی ئاوەڕۆ بۆ گەڕەكەکانی سەنگاوییەكان و راپەڕین و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لای خۆشیەوە، چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی گەرمیان لە بارەی داواكاریی دەستەی پاڵپشتیی رزگارییەوە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پشتیوانیی داواكارییە رەواکانی خەڵكی ناحیەی رزگاری دەكەین، بۆ چارەسەریی داواکارییەکانیشیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان قسەدەكەین.
گەرمیان - حسێن عەزیز