سەرۆك كۆمار: یەكێتی قوربانیی گەورەی داوە

12:29 - 2025-06-01
کوردستان
79 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی ساڵیادی یۆبێلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەركردایەتی و كادر و لایەنگرانی یەكێتی دەكەین.
دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 1ی حوزەیرانی 1975 وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی و خەباتی شۆڕشگێڕانە بە سەركردایەتیی سەرۆك مام جەلال، كە رۆڵی سەرەكی هەبوو لە كۆكردنەوە و رێكخستنی ریزەكانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق لە هەلومەرجێكی سەختدا لە نێو تەحەدا و هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا و یەكێتی لە خەباتی دژ بە دیكتاتۆریەت، لەپێناوی بەدیهێنانی ئازادی و دیموكراسی و ژیانێكی شایستە بۆ كۆمەڵانی خەڵك، قوربانیی گەورەی داوە.
لەم بۆنەیەدا هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی زیاتر بۆ یەكێتی دەخوازین لە جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانییەكەی، كە لە باوەڕی یەكڕیزیی نێوان هەموو هێزە سیاسییەكان و كاركردن بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان سەرچاوەی گرتووە.
داوا لە هەمووان دەكەین پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەن و بەرەوپێشەوە بڕۆن لەپێناوی بەهێزكردنی سیستمی دیموكراسی و خزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان و عیراق لەپێناوی بنیاتنانی دەوڵەتێكی پێشكەوتوو، شارستانی، خۆشگوزەرانی و دوور لە توندوتیژی و پەراوێزخستن و هەمووان تێیدا بە ئارامی، خۆشگوزەرانی و ئاشتی بژین.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عیراق

د.لەتیف رەشید
سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان