وا 50 ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا تێپەڕی. پەنجا ساڵی پڕ لە خەبات و قوربانیدان. خەباتی سەختی شاخ و پێشمەرگایەتی و شار و رێكخستن و ئیدارەدان و رۆشنبیریی، قوربانیدانێكی بێشوومار و ئەوەندە زۆر، كە ناسناوی حزبی شەهیدانی بە باڵادا بڕیوە.
ئەوێ رۆژێ، كە یەكێتیی نیشتمانی وەك حزبێكی نیمچەبەرەیی لەسەر فیكری چەپ و بیری نیشتمانیی پێشكەوتووخواز، لەسەر دەستی كۆمەڵێك تێكۆشەری قاڵبووی كوردایەتی، لەپێشیانەوە، رابەر و سەركردە و سەرۆك مام جەلال دامەزرێنرا، دەنگی میللەتێكی چەوساوە، بووە بڵندگۆی جاڕدانەوەی شۆڕش و شانی مەردانەی خستە بەر باری گلاوی نسكۆی شۆڕش، دوای تەنیا ساڵێكیش پۆل پۆل كوڕان و كچانی ئازادیخوازی رێكخستنەكان، چەكی شەرەف و مەردایەتییان كردەشان و لەژێر سەركردایەتی و رێنومایی مام و هاوڕێكانیدا، خەباتی چەكدارییان دەستپێكرد.
ئیدی، كاروان كەوتەڕێ و یەك-یەك و دوو-دوو و دەستە-دەستە، ژمارەی شەهیدەكانی یەكێتی هەڵدەكشا، تا گەیشتە ئەو ئاستەی ببێتە حزبی شەهیدان، بەڵام رۆڵەكانی گەل، كە پەروەردەی رێكخستنەكان و خاوەنی بیری تیژی رەتكردنەوەی زوڵم و ستەم بوون، نەك هەر جێی شەهیدەكانیان پڕدەكردەوە، بەڵكو پێدەشت و بنار و لووتكەكانیان پڕكرد لە پێشمەرگە و ئینجایش دابەزینە شارەكانەوە.
خەبات و قوربانیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوەندە زۆرن كە مەگەر هەر لە لاپەڕەكانی مێژوودا جێگەیان ببێتەوە، ئەگەرنا هەرگیزاو هەرگیز لە هیچ بۆنەیەكدا ناتوانرێت رێژەیەكی یەكجار كەمیشی بهێنینەوە یادی خۆمان، بۆیە لەم رۆژ و یادە مەزنەدا، هەر ئەوەندەمان پێدەكرێت، كە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان نەوی بكەین و دەست بە سنگەوە بۆ كەسوكاری ئەوان و خەڵكی خۆڕاگری كوردستان رابوەستین و سڵاوی رێز و ئەمەكداری بۆ مام-ی رابەر و سەرۆك و هاوڕێبازەكانی بنێرین.
نیو سەدە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان، لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبێت.
گەلاوێژ