لە 10ساڵییەوە هاوڕێی کامێرام

09:42 - 2025-05-26
هەمەرەنگ
49 جار خوێندراوەتەوە

وێنەگر كارۆخ تەها لەتیف لە سلێمانی لەدایكبووە، وێنەگریی بۆ زۆر فیلم و دراما كردووە و هاوكات وەك سینەماتۆگرافێكیش كاری كردووە.
باوکم هاندەرم بوو
كارۆخ تەها بە دوالاپەڕەی وت: باوكم خۆی وێنەگر بوو، هەر لە تەمەنی 10 ساڵییەوە بە باشی فێری كامێرا و وێنەگری و رووناكی و چاپكردنی وێنەی كردم. لە ساڵی 1998وە دەستم بە كاری راگەیاندن كردووە، سەرەتا لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بووم، دواتر لەسەر داوای خوالێخۆشبوو عادل موراد چوومە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، دوای ماوەیەك دووبارە گەڕامەوە بۆ تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بۆ كاری وێنەگری ڤیدیۆ، بۆ زۆربەی بەرنامە و دراماكانیش كاری وێنەگری و دەرهێنانم كردووە، بۆ نموونە بەرنامەی ژیانەوە و بەرنامەی هەمەڕەنگ و بۆ هەندێك درامای كورت و بەرنامەی دۆكیۆمینتاری. بۆ ماوەی شەش ساڵیش وەك (فریلانس) كاری وێنەگری و دەرهێنانم بۆ چەند زنجیرە دراما و كورتە فیلمێک كردووە. 
وتی: ساڵی 2014 وەك وێنەگر و مۆنتێر چووم بۆ كەناڵی ئاسمانی (الجزیرة) و تا 2019 بەردەوام بووم. هەر ئەو ساڵە جارێكی تر وەك لێپرسراوی هونەریی و دواتر بەرپرسی بەشی دۆكیۆمێنتاری گەڕامەوە بۆ كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان.
وتیشی: وەك سینەماتۆگرافیش كۆمەڵێك كارم كردووە، لەوانە: لە كورتە فیلمەكانی وەك شەوی بێ مانگ، پەنجەرە، نەورەس، سوتووەكانی جەنگ، سپی و رەش، ساتێك بۆ من، لە گۆڕستان، قوربانی، مردن لە باخی سێودا كارم كردووە، لە درامای گوڵەكانی ماڵئاوایی، سایە، لە فیلمەكانی ماڵی دالیا و نامە بۆ دۆلفین كارم كردووە.
ئالان محەمەد جەزا 

بابەتە پەیوەندیدارەکان