د. هۆگر شێخ مەحمود
لەگەڵ شەهید ئازاد سەردەمانێك پێكەوە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بووین، زۆر خۆشەویست و بەهرەمەند بوو، لە وێنەكێشانیشدا توانایەكی باشی هەبوو، لە یادمە كاتێك تیپ بەنیازبوو شانۆگەریی (پیری ئاخرشەڕ) پێشكەش بكات، داوایان لێكردین كێ توانای هەیە، وێنەیەك بكێشێت بۆ بانگەشەی شانۆگەرییەكە، من و ئەو یەكی وێنەیەكمان ئامادەكرد، جا من كە ئەوەی كاكە ئازادم بینی، بەڕاستی سەرسامی كردم، چونكە ئەو لە هونەری بانگەشە و كاریكاتێر و وێنەش تێگەیشتبوو، دەستڕەنگین بوو تیایاندا، تائێستاش ئەو وێنەیەم پاراستووە.
ساڵی 1974 كە شەڕی نێوان كورد و رژێم دەستیپێكردەوە، لەبەر زۆریی خوێندكار و مامۆستای زانكۆ كە چووبوونە ناو شۆڕشەوە، بڕیاردرا زانكۆی سلێمانی لە قەڵادزێ دامەزرێندرایەوە، بەڵام فڕۆكەكانی بەعس لە رۆژی 24/4/1974، شاری قەڵادزێ و زانكۆكەشیان بە ناپاڵم بۆردومانكرد و سەدان شەهیدی لێكەوتەوە، كاكە ئازاد یەكێك بوو لە شەهیدەكان.
بیستی ئەو هەواڵە جەرگبڕبوو.
دروود بۆ گیانی شەهید ئازاد و سەرجەم شەهیدانی نەتەوە ستەمدیدەكەم.