بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری

رەزامەندی لەسەر چەند پرۆژەیەکی گرنگ بۆ ئیدارەی گەرمیان دەدرێت

11:01 - 2025-05-26
کوردستان
65 جار خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر ژمارەیەک پرۆژە بۆ ئیدارەی گەرمیان داوە، هەندێکیان لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە ئیشی لەسەر دەکرێت و هەندێکیشی پێویستی بە ئامادەکردنی نەخشە و پرۆپۆزەڵ هەیە.
جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاریی ئیدارەی گەرمیان داوە، لەوانەش:  گۆڕینی فەرمانی پێدانی زەوی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە ناحیەی سەرقەڵا بۆ ناحیەی رزگاری، کڕینی 10 ئامێری شۆفڵ و گەڵابە و حەفارە و گرێدەر و حادیلە، بۆ شارەوانییەکانی سنووری گەرمیان، لەگەڵ کڕینی چوار سەلەی کارەبا بۆ کارەبای گەرمیان.
وتیشی: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە زیادکردنی پێشینەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان و هێنانەکایەی فەرمانگەی باجی دەرامەت و خانووبەرە لە قەزای کفری. هەروەک بڕیار لە بەخشینی بەڵێندەر لە سزای دواکەوتنی کارەکانی لە کاتێکدا کە نەختینەی پێویستی پێنەدرێت هەروەها، دروستکردنی پردێک لە سەر رووباری سیروان لە ناو شاری کەلار بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە،  شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانەش دروستبکرێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەنجومەنی وەزیران نوسراو ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بکەین بەمەبەستی گرتنەبەری رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری.
گەرمیان، حسێن عەزیز
فۆتۆ: ئازاد ئیبراهیم

بابەتە پەیوەندیدارەکان