ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لەم ساڵانەی دواییدا و لەوەتەی زیرەكیی دەستكرد سەری هەڵداوە، بەدەستهێنانی چیپی ئەلیكترۆنی بۆتە بابەتێكی گرنگی كۆمپانیا جیهانییەكان و كێبڕكێی نێوانیان تا دێت توندتر دەبێت، ئەوەش وایكردووە چیپ بە تەنیا ئامرازێك نەبێت بۆ وەرگرتن و چارەسەری داتاكان، بەڵكو بۆتە رەگەزێكی سەرەكی لە گۆڕینی تەرازووی هێزی تەكنەلۆژیا و جیۆپۆلەتیكیش.
لە ئەمریكاوە تا دەگات بە چین و لە ئەوروپاوە تا دەگات بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كێبڕكێی توند لەسەر بەدەستهێنانی چیپ دەكەن، ئەو كۆمپانیایانەش كە بەرهەمی دەهێنن، داهاتیان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، بۆ نموونە كۆمپانیا ئێنڤیدیا (NVIDIA)، كە بەشێكی زۆری چیپەكانی زیرەكیی دەستكرد دابین دەكات.
دوو وڵات كڕیویانە
لەم كێبڕكێ جیهانییەدا چەند وڵاتێكیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەخۆكەوتوون و دەیانەوێ لەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژییە بێبەش نەبن و لە كاروانەكە دوانەكەون، ئەو وڵاتانەش بریتین لە سعودیە و ئیمارات و دوای ئەوەی ئەمریكا رایگەیاند، كە رێگە بە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت ببنە خاوەنی چیپی ئەلیكترۆنی تایبەت بە زیرەكیی دەستكرد، ئەم وڵاتانە دەستیانكرد بە كڕینی چیپ لە كۆمپانیای ئێنڤیدیا.
لەو چوارچێوەیەدا ئێنڤیدیا رایگەیاند، 18 هەزار چیپی رادەستی كۆمپانیای (هیوماین)ی سعودی كردووە، لەگەڵ ئیماراتیش رێككەوتنێكی سەرەتایی كراوە بۆ ئەوەی ساڵانە 500 هەزار چیپی پێ بفرۆشێت.
هاوكێشەی ستراتیژی
سەبارەت بە گرنگیی بەدەستهێنانی چیپ بۆ دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست د. سەخەر ئەلخرەیف توێژەری بواری زیرەكیی دەستكرد دەڵێ: ئەم چیپانە بوونەتە بەشێك لە هاوكێشەی ستراتیژی هەر دەوڵەتێك، كە بیەوێت لە بواری تەكنەلۆژیادا پێشبكەوێت و كێبڕكێ بكات. ئەو پسپۆڕە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، هەر دەوڵەتێك ئەم جۆرە چیپەی هەبێت تایبەتمەندییەكی ستراتیژی پێدەبەخشێت، بە تایبەتی لە بواری زیرەكیی دەستكرد و پەرەپێدانی كایە ئەلیكترۆنییەكان لە سەرجەم دامەزراوەكانیدا.
ئەلشەرق ئەلئەوسەت