زلەکەی ماکرۆن؛ میدیای جیهان دەهەژێنێت و ئەلیزێ هەڵوێست دەگۆڕێت

07:51 - 2025-05-26
جیهان
115 جار خوێندراوەتەوە

گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و هاوسەرەکەی، بریجیت، لە کاتی گەیشتنیان بۆ ڤێتنام، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە میدیاکانی فەرەنسا و جیهاندا ناوەتەوە. لە گرتەکەدا، وا دەردەکەوێت بریجیت ماکرۆن، پێش دابەزینیان لە فڕۆکە، "زلەیەک" لە هاوسەرەکەی دەدات، ئەمەش چەندین لێکدانەوەی جیاوازی لێکەوتۆتەوە.


رووداوەکە ئێوارەی یەکشەممە لە فڕۆکەخانەی هانۆی پایتەختی ڤێتنام روویداوە. کاتێک دەرگای فڕۆکەکە دەکرێتەوە، دەستی بریجیت دەبینرێت کە وا دەنوێنێت ئاراستەی رووی ماکرۆن دەکرێت.



ماکرۆن سەرەتا کەمێک سەرسام دەردەکەوێت، بەڵام خێرا روو وەردەگێڕێت و سڵاو دەکات. لەکاتی دابەزینیشدا، بریجیت وەک جاران دەستی هاوسەرەکەی ناگرێت، بەڵکو قەراغی پلیکانەکان بەکاردەهێنێت.

کۆشکی ئەلیزێ، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، سەرەتا گومانی لە راستیی ڤیدیۆکە هەبوو و ئاماژەی بە ئەگەری دەستکاریکردنی کرد بەهۆی ژیریی دەستکردەوە بەڵام دواتر، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک باسی لە "ناکۆکییەکی" بچووکی هاوسەرگیری کرد و وتی "ئەوە ساتێک بووە بۆ دەرکردنی گرژییەکانی نێوانیان پێش دەستپێکردنی گەشتەکە"، بەڵام دواتر ئەوەشیان گۆڕی و رایانگەیاند کە ئەوە گاڵتە و گەپی نێوان خۆیان بووە.


تەنانەت ماکرۆن خۆی هاتە دەنگ و رایگەیاند کە ئەوەی روویدا گاڵتەیەکی نێوان خۆمان بوو.


بەڵام ئەم لێکدانەوانەی ئەلیزێ رووبەڕووی رەخنە بوونەوە. جان فیلیپ تانگوی، پەرلەمانتاری رەوتی نیشتمانی، لێدوانەکانی کۆشکی بە "درۆ" وەسفکرد. هاوکات، زۆرێک لە میدیاکانی فەرەنسا وەک "لو مۆند" و کەناڵی "BFM" راستیی ڤیدیۆکەیان پشتڕاستکردەوە.


رۆژنامەی "لو مۆند" ئاماژەی بەوەدا کە ئەم رووداوە پرسیاری لەسەر جۆری پەیوەندی نێوان ماکرۆن و هاوسەرەکەی دروستکردووە، کە هەمیشە بەهۆی جیاوازی تەمەن و چۆنێتی یەکترناسینیانەوە جێگەی سەرنجی میدیاکان بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان