كتێبی (نامەكان)، مارتین هایدیگەر و هانا ئارێنت، رێبین رەسوڵ ئیسماعیل لە عەرەبییەوە كردوویەتی بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی كردووە كە ئەمەیان چاپی دووەمە.
ئەم كتێبە باسی ئەو نامانە دەكات كە لە نێوان مارتین هایدیگەر و هانا ئارێنت دوو فەیلەسوفی ئەڵمانی ئاڵوگۆڕ كراون، ئەو نامانە تەنها هەر نامەی خۆشەویستی و ئەڤین نییە لەنێوان دوو كەسدا، بەڵكو دۆكیومێنتێكی گرنگن بۆ گێڕانەوە و زانینی بەشێكی زۆری ژیانی رۆژانەی ئەو دوو فەیلەسوفەیە، هەروەها ئەم نامانە بایەخێكی زۆر گرنگیان لە بواری رۆمان و شانۆنامە و سینەما هەیە.
كۆی گشتیی نامەكانی ناو ئەم كتێبە بریتین لە 169 نامە، كە بەشێكی زۆریان نامە گۆڕینەوەی نێوان هایدیگەر و هانا ئارێنتە، بەشێكی دیكەشیان نێوان ئاڵفرێدەی ژنی هایدیگەر و هانا ئارێنتن، یەك نامەیشیان هی فریتزی برای هایدیگەرە بۆ هانا ئارێنت-ی نووسیوە.
هایدیگەر بە سروشتی خۆی كەسێكی خۆپارێز بوو، حەزی لە خۆدەرخستن نەبوو، هەمیشە دەیویست بە هێمنی و ئارامی بژی و خۆی بۆ نووسین تەرخان بكات. لە راستیدا هایدیگەر كەسێكی موحافیزكار بووە و بە هیچ شێوەیەك شۆڕشگێڕ نەبووە و ماوەیەك نازی بووە و زۆریش دژی بیرۆكەی سۆسیالیستی و چەپی سۆڤییەتی بووە.
جەواد حەیدەری