شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی رۆڵ و تێكۆشانی پێشمەرگە دانەبڕاوەكان دەكات و رایدەگەیەنێت: دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ، دەرئەنجامی تێكۆشان و شەهیدبوونی هاوڕێكانیان و ماندووبوونی پێشمەرگە دانەبڕاوەكانە.
دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ی.ن.ك، سەردانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی وەستا فاروق سەرۆك و ستافی كۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەكان، ئاماژەی بە نەخشی بەرچاوی پێشمەرگە دانەبڕاوەكانی یەكێتی كرد بە سەركردایەتیی رابەری كۆچكردوو سەرۆك مام جەلال لە خەباتی رزگاریی نیشتمانیی كوردستاندا، كە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ، دەرئەنجامی تێكۆشان و شەهیدبوونی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان و ماندووبوونی پێشمەرگە دانەبڕاوەكان و كەسوكارەكانیانە.
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، وتیشی: ئێستا بارودۆخەكان گۆڕاون و خەباتی دیموكراسی و هەڵبژاردن جێگەی تێكۆشانی چەكداریی گرتووەتەوە، بۆیە دەبێت لەم هەلومەرجەشدا سەرباری هەموو كێشە و ئاستەنگەكان، وەكو پێشمەرگە دێرینەكان درێژە بە كار و چالاكییەكانمان بدەین و تا بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و سەرخستنی ئامانجە پیرۆزەكانی یەكێتی، بەردەوامبین لە خزمەتكردن، چونكە سەرخستن و گەشەپێدانی یەكێتی، مەرجی سەرەكییە بۆ پەرەپێدانی حوكمڕانیمان و خزمەتكردنی گەلەكەمان. دووپاتیشیكردەوە كە «پێویستە خزمەتی زیاتری پێشمەرگە دانەبڕاوەكان و كەسوكار و خانەوادەكانیان بكرێت».