دیریک والکۆت، ساڵی 1930 لە کاستریزی پایتەختی سانت لۆسیا لەدایک بووە. ئەو شاعیرێکی رەشپێستە و بە هەرسێ زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و کربوولی، قسە دەکات. هەرچەندە شیعرەکانی گرنگی بەناوەڕۆک و وردەکاری دەدەن. لە پاڵیشیدا گرنکی بەکێشەکانی مێژووی هاوچەرخ دەدات، وەکو: نادادی و تیرۆری هزری و خیانەت لە خۆشەویستی دا. لە ساڵی 1992، خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا، لەپای کۆبەرهەمەکەیدا کە باس لە گۆشەنیگای مێژوویی و رۆشنبیریی نەتەوەجیاوازەکان دەکات.
درەختی دەریایی
ئەوچارۆکەیەی لەبێزاریدا
پاڵی بە رووناکییەوە داوە،
بێدەنگییەکەی رووەو دەریای کاریبی،
بەرەو نیشتیمان رۆیشت.
لەوانەیە عەولیس بێت
کە بەدەریای ئیجەدا
رووەو نیشتیمان دەڕوات،
پڕە لە تامەزرۆیی باوک و هاوسەر
لەژێر هێشوە ترێ مزرەکاندا،
وەک ئەو کەسەی تاوانێک دەکات و
گوێی لەناوی ناوسیکا دەبێت.
لەهەر قیژەی نەورەسێکدا
کە دیارە ئاشتی بۆ کەس ناهێنێ
ئەو جەنگە کۆنەی لەنێوان
ئەندێشەی دیکتاتۆرێکدا
بەرپرسیارێتییەکە، کۆتایی نایەت ...
دیارە بەتەنها ئەو خۆی بوو
وەڵامی دەریاوانەکەی دەدایەوە،
یان ئەوکەسەی ئێستا لەسەر کەنارە
وردە وردە بەلارو لەوێریی
بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە،
دوای ئەوەی دواپزیسکی کوژاوەتەوە.
بەردێکی گەورەش کوێرانە
هەڵڵایەکی خوڵقاندووە،
لەوشەپۆلە درێژە قووڵانە
چەندەها کێشی شەش پاڵو، دروست دەبن
بۆ کۆتایی ئەو شەپۆلە ماندووانەی
بە تێکشکاویی دەگەنە لێرەوار.
کەواتە بەرهەمە کلاسیکییەکان
لەوانەیە سەبووریی بەخش بن
وەلێ بەپای پێویست نا!
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین
سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها و ترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009