پەیکەری خەمێک

10:50 - 2025-05-29
ئەدەب و هونەر
68 جار خوێندراوەتەوە

 دەقی: شێرزاد حەسەن

ئەی پەیکەری فەرامۆش و نەگبەتی...
من تۆ ماچ دەکەم، یان لێوم خستۆتە سەر
 لێوی شۆخێک، 
باڵانومای خەم و مەینەتی؟
ئەوە تۆیت...کە دەتگرمە ئامێزم
یان گەردەلوولی خەم و رەشەبای غوربەتی؟
ئەوە تۆیت، یان تاڤگەی بەخوڕی 
خەم و خوێنیت؟

کە دەست بە نێو قژتدا دەگێڕم...
وا هەست دەکەم 
کەڵەکێوییەکی چوارپەل سووتاوم،
لە نێو دارستانێکی گڕگرتوودا، پەل دەهاوم.
ئەمە سەر و پرچی تۆیە... 
یان رەزێکی قەرەبرووتە؟
ئەوە سینە و مەمکی تۆیە... 
یا خاکێکی وشک و سووتماک؟

نا... من کە تۆ ماچ دەکەم
خەمێکی پیر و پیرۆز ماچ دەکەم!

من لەمێژە چاوەڕوانی ئازارێکی کەڵەگەتم،
تا گەر هات و لە کونجی غوربەتیما، 
لە تەنیاییدا توامەوە
تۆ بێیت و بە سەرمدا بچەمێیتەوە.
عیسای مەسیح ئاسا، پەرجوو بنوێنی و زیندووم بکەیتەوە.
دەستەونەزەر بمگریتە باوەش و
بملاوێنیتەوە!

ئەی پەیکەری مەینەتی...
هۆ...چیرۆکی بێکۆتایی نسکۆ و نەگبەتی
من و تۆ هەرگیز دڵدار و دڵخوازنەبووین ئەمن و تۆ... دوو رووباری فرمێسکی
سەرهەڵگرتوو بووین،
لە شەتاوێکدا تێکەڵ و ئاوێتە بووین! 

دە بێنە... با ئەو چاوانەت تێر ماچ بکەم،
ئاخ... ئەوە هەردوو چاوانی تۆن
یان دوو کوێرە کانیی بنارێکن؟
دە ئەو گەردنە زەردەت هەڵبڕە
ئاخ... گیانی گیانان
 ئەوە گەردنی ئەوسای تۆیە
یان کێلی شکاوی مەزارێک؟

تۆ بۆ من چی نەبوویت؟ 
تۆ بارانێکی رەحمەت بوویت
منیش خاکێکی تینوو...
تۆ عیسای موعجیزە بوویت،
منیش عاشقێکی بێ مراد و 
چوار مێخە کێشراو!

دە وەرە ئەی کچی خوڵقاو 
لە دەرد و مەینەتی...
بمگرە ئامێز و تێر ماچم بکە،
 بەدەم رامووسانەوە
لەخۆت بپرسە 
تۆ من ماچ دەکەیت،
یان هەیکەلی عومرێکی پڕ حەسرەت؟!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان