دەربازکردنی عیراق لەم دۆخە ئاڵۆزە

09:43 - 2022-08-13
عیراق
586 جار خوێندراوەتەوە

ئەمەی ئێستا لە جیهانی دوای دوو جەنگی گەرمی جیهانی (1914 - 1918 و 1939 - 1945) و جەنگی ساردی نێوان دوو جەمسەرە تەقلیدییەکەی جیهان (خۆرهەڵات و خۆرئاوا)دا روودەدات ناوبنێین چی؟ چونکە هێڵەکانی نێوان گومان و یەقین زۆر لەیەکتریی نزیکبوونەتەوە لەوەی کە  دۆخەکە بە ئاراستەی گەرمبووندا دەڕوات.
تائێستا نەک بۆ قۆناغی جەنگی گەرمی سێیەمی جیهان، بەڵکو بۆ ئەم قۆناغە کە جیهانی پێدا تێدەپەڕێت ئێمە وەک کوردستان هیچ ئاسۆیەکمان لێوە دیارنییە کە ئاخۆ چارەنووسی ئێستامان بەم پەرت و بڵاوییەی ریزەکانمانەوە بەکوێ دەگات، چ جای ئەگەر نەخوازەڵڵا جەنگی گەورەتر لەوەی هەیە رووبدات؟
ئەرکی ئێستای سەرکردایەتی سیاسی ئەوەیە تان و پۆی هاوکێشەکان ببینێت و لەگەڵ واقیعی سەر زەویدا بەراوردیان بکات و تێڕوانینەکانی لەسەر ئەوە بنیات بنێت.
 سی ساڵی رابردووی قۆناغی جەنگی سارد زلهێزەکان سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لەسەر دەستوەردانی ئەمیان لە وڵاتێکدا رەخنەیان دەگرت یان ناڕەزاییان لە رێی میدیا و کایە دیپلۆماسییەکانەوە دەردەبڕی، بەڵام لەسەر ئاستی سەربازیی جۆرێک لە سازان و ئارامییان لە نێوان خۆیاندا دروستکردبوو، بەڵام ئێستا لەوە دەرچووە، ئێستا زلهیزە خاوەن ڤیتۆکانی جیهان خۆیان راستەوخۆ بوون بە لایەنی جەنگ و خەریکە کایەکانی میدیا و دیپلۆماسی و ئابووری تێدەپەڕێنێت بۆ بەریەککەوتنی راستەوخۆ. ئەوەش وڵاتانی جیهانی بێ دەسەڵاتی  ناچار کردۆتەوە دابەش ببنەوە بەسەر جەمسەرە گەورەکاندا وەک سەردەمی جەنگی سارد.
پێدەچێت لەم گێژاوەدا باشووری کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لە هەموو وڵاتانی تر زیاتر گیرۆدەی دۆخەکە بووبن، چونکە هێشتا کوردستان بەشێکە لە عیراق، عیراقیش لە دۆخێکی سیاسی و ئیداریی زۆر هەستیاردایە و هێشتا دیارنییە سەرەنجام عیراق لەسەر چ بەرەیەکی ئەو ململانێ جیهانی و ئیقلیمییە ساغ دەبێتەوە؟ ئەوەش ئەو گرفتە گەورەیەیە کە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان دەبێت زۆر لێزانانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەجۆرێک وەک هەنگاوی یەکەم ناوماڵی خۆی رێکبخات، هەنگاوی دووەم رۆڵ ببینێت لە پەلەکردن لە دەربازکردنی عیراق لەو دۆخە ئاڵۆزە تا پێکەوە تەگبیرێک بکەن لەوەی چۆن عیراق و کوردستان لە ئەگەری تێوەگلان لە جەمسەربەندییە نوێکان بپارێزن. 
دیارە دووبارە سەردان و دیدارەکانی وەفدی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا بە ئاراستەی دەربازکردنی عیراقە لە دۆخێک کە پێشبینی دەکرێت دووبارە بەرۆکی سەرتاسەری جیهان بگرێت و ئەوەی خۆی بۆ ئامادە نەکردبێت، گەردەلوولی جەنگ و کاولکاریی راپێچی دەکات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان