یادی 21 ساڵەی كۆچی دوایی سەركردەی نەمر شێخ دارۆ

12:26 - 2025-06-01
کوردستان
73 جار خوێندراوەتەوە
#شێخ دارۆ شێخ نوری

سەركردەی نەمر، شێخ دارۆ شێخ نوری، تێكۆشەری قۆناغە سەختەكانی كۆمەڵەی رەنجدەران و دواتریش یەكێتیی نیشتمانیی كورستان، پیاوی خۆڕاگری بەردەم زیندان و ئەشكەنجە، 21 ساڵ لەمەوبەر كۆچی دوایی كرد و مێژوویەكی تێكۆشانی پڕ لە شانازیی بۆ گەلەكەی بەجێهێشت.
شێخ دارۆی نەمر، بەر لەوەی خاڵە شیهابی برای و هەڤاڵانی دیكەی سەركردە و كادرەكانی كۆمەڵە بەهۆی گەلەكۆمەكێی دەوڵەتە داگیركەرەكانی ئەوسای ئێران و عیراقەوە لەداوبخرێن، ئەو لە سلێمانی دەستگیركرا و دوای چەند رۆژێك بەرەو ئەمنی بەغدا راپێچ كرا، دوای سەپاندنی بڕیاری مەرگ بەسەر هەرسێ سەركردە (شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر) و بڕیاری زیندانیكردن بەسەر ئەوانی دیكەدا، كاك دارۆ لە كۆمەڵەی دووەمی سزادراوەكان بوو، پاش چوار ساڵ زیندانی، ئازادكرا و سەرلەنوێ گەڕایەوە نێو كۆڕی تێكۆشان.

ژیاننامەی شێخ دارۆی سەركردە
شێخ دارۆی نەمر لەدایكبووی 28/9/1946ی شاری سلێمانییە، قۆناغی زانكۆی تەواوكردووە.
ساڵی  -1967 1970 ئەندامی دەستەی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و دواتریش كادرێكی بنەڕەتیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە.
لە ساڵانی حەفتاكاندا، كتێبخانەكەی لە بەغدا ببووە شوێنی كۆكردنەوەی هاوڕێیانی كۆمەڵە. ساڵی 1974 بوو بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆی 1975، هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و كادران و تێكۆشەرانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، لەلایەن رژێمەوە دەستگیركران، دوای لە سێدارەدانی خاڵە شیهاب و هاوڕێكانی لە ساڵی 1976دا، تەواوی تێكۆشەرانی دیكە بە كاك دارۆشەوە، چەندین ساڵ حوكمدران، تا ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتی ئازادكران، دوای ئازادكردنیشی هەمان ساڵ روویكردەوە شاخ و بوو بە پێشمەرگە.
مانگی 8ی ساڵی 1980 كرایە نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سوریا.
لە یەكەم كۆنگرەی یەكێتی-دا لە ساڵی 1992، بە ئەندامی یەدەگی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، پاشان كرایە سەركردایەتی و دواتریش ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ساڵی 1993 كرا بە وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، ساڵی 1998 كرا بە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دواتر بوو بە لێپرسراوی مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
بەداخەوە، رۆژی 31/5/2004 كۆچی دوایی كرد.
ئاوات كۆكەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان