لە یادی حەوت ساڵەی كۆچی دوایی شێخ بایز تاڵەبانیدا

09:52 - 2025-06-23
کوردستان
36 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی سەروەران

تێكۆشەری نەمر، بایز سەعید محەمەد عەبدولغەنی ناسراو بە شێخ بایز تاڵەبانی، ساڵی 1944 لە گوندی (باداوا)ی سەر  بە ناحیەی لەیلانی پارێزگای كەركوك لەدایك بووە و هەر لەوێ خراوەتە بەر خوێندن، ساڵی 1956 لە كەركوك درێژەی بەخوێندن داوە و  قۆناغی دواناوەندیی لەوێ تەواو كردووە.
ساڵی 1958 كاتێك كە خوێندكاری ناوەندیی موسەڵڵابووە لە كەركوك، چۆتە ریزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستانەوە و لە ساڵی 1965دا پەیوەندیی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە.
ساڵی 1968 بە كارمەند لە شارەوانیی كەركوك دامەزراوە و ساڵی 1970 گواستراوتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی هەولێر و هەر ئەو ساڵە بۆتە لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1972 گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەشغالی كەركوك.
ساڵی 1973 بۆتە لێپرسراوی لقی بەغدای یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی سكرتاریەت، هەر ئەوساڵە لەگەڵ هەریەك لە دارۆ شێخ نوری، عەبدولڕەزاق عەزیز میرزا و ئەنوەر قەرەداغی و جەمال حەكیم ئاغا، بەشداربووە لە فیستیڤاڵی جیهانیی لاوان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات.
ساڵی 1974 لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان حكومەتی عیراق و شۆڕشی كورددا، بوو بە پێشمەرگە.
دوای هەرەسی شۆڕش لە 1975دا، گەڕایەوە بۆ كەركوك و دوور خرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی رومادی لە پارێزگای ئەنبار، لە كۆتایی هەمان ساڵدا گواسرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی گشتی، ساڵی 1990 گواسترایەوە بۆ ناسریە.
ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و پەیوەندیی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كردووە و ساڵی 1994 بۆتە ئەندام كۆمیتەی پێنجی فەرمانبەران.
ساڵی 1995 بۆتە ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ساڵی 1996 بە هەمان پلە بۆ مەكتەبی دارایی گواستراوەتەوە و هەمان ساڵ بۆتە بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی سلێمانی.
لە ساڵی 1997 و دواترەوە، رۆڵی گرنگ و بنچینەیی بینی لە دامەزراندنی چەند دەزگایەكی داراییدا، لەو ساڵەدا دەزگای چاودێریی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ئیدارەی سلێمانیی دامەزراند و تێیدا بە پلەی سەرۆكی دیوانی دەزگاكە، كاری كردووە.
ساڵی 2001 دەزگای چاودێریی دارایی بۆ یەكێتی دامەزراندووە و دواتر هەر خۆشی لێپرسراوێتی گرتۆتە ئەستۆ.
ساڵی 2002 بۆتە وەزیری دارایی و ئابووری لە ئیدارەی سلێمانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە كابینەكانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزیری دارایی بووە.
ساڵی 2014 بە پلەی وەزیر خانەنشین كراوە.
بەداخەوە، رۆژی 21/6/2018 كۆچی دوایی كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان