شەهید ئاسۆ

09:57 - 2025-06-23
کوردستان
11 جار خوێندراوەتەوە

لە باسی پەیدابوونی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ لە سنووری بەستی شەرغە و كۆیە و دێدەوان، بەبێ ناوهێنانی شەهیدان: عەلی ساڵح و ئەحمەد قەمبەری و رێباز و شاخەوان عەباس، ناكرێ و لەنگییەك دروستدەبێت، هاوشانی ئەوانیش، چەند پێشمەرگەیەكی دیكەش هەن، بەڵام زەمانە ستەمی لێكردوون، لەوانە: جووتە برای شەهید (عەلی حەمەد ئاوماڵی -ئاسۆ و ئەسعەدی برای)، كە هەردووكیان لە سەرەتای ساڵی 1977 چەكی پێشمەرگایەتییان لە شانكردووە.
شەهید ئاسۆ، پێشمەرگەیەكی چوست و چالاك و بە ئەمەكی خاكی نیشتمان بوو، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا هەوراز و نشێوی زۆربینی، بەڵام هەمیشە خۆڕاگر و دڵسۆز و ورە بەرزبووە.
ژیاننامەی شەهید ئاسۆ
شەهید عەلی حەمەد حەسەن حەمەد ئاوماڵی ناسراو بە ئاسۆ، لە دایكبووی ساڵی 1957ی گوندی ئاوماڵە، ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانە و ساڵی 1977 بووە بە پێشمەرگە لە مەفرەزەكەی شەهید عەلی ساڵح لە هەرێمی هەشتی ئەوسا.
پاش ماوەیەك گواستراوەتەوە بۆ هەرێمی دووی كەركوك.
ماوەیەك لە پێشمەرگایەتی دابڕاوە و پاشان لە ساڵی 1984دا پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە كردەوە.
 لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی دەیان نەبەردی و چالاكی پێشمەرگانەی كردووە، برایەكیشی شەهیدە بە ناوی ئەسعەد ئاوماڵی.
بەداخەوە، ساڵی 1988 لە هێرشەكانی ئەنفالدا كەوتە بەردەستی دوژمن و تائێستاش شوێنبزرە.
حەیدەر مەنتك

بابەتە پەیوەندیدارەکان