ئاوات كۆكەیی
ساڵی 1982 شەڕی نێوان هەردوو دەوڵەتی عیراق و ئێران پەرەی سەندبوو، شۆڕشی نوێی كوردستانیش لە گەشە و فراوانبوونی خێرا و بەردەوامدابوو، چالاكییەكانی پێشمەرگەش، گۆڕانكاریی چۆنایەتی و چەندایەتییان بەخۆوە بینی.
كادرەكانی رێكخستنیش لەناو جەماوەردا بە گوڕوتینێكی زیاتر و بەربڵاوانەتر، كەوتبوونە خۆ بۆ گەیاندی پەیامی شۆڕش و روونكردنەوەی رێبازی شۆڕشگێڕی، بەتایبەت لە گوندەكان و ناو جووتیاران و خەڵكی زەحمەتكێشدا.
هەریەك لە شەهیدان، مامۆستا سەیفەدین هاواری كاكەیی و جەلیل حەمە فەرەج گەڵاڵی، دوو كادر و لاوی هۆشیار و چالاكی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون لە ناوچەی شارەزوور، لێپرسراوێتیی رێكخستن و هۆشیاریی جەماوەرییان لە ئەستۆبوو لەو ناوچەیەدا كە خۆی لە سنووری چالاكیی هەرێمی یەكی ئەوكاتە و دواتریش (مەڵبەندی یەك)دا دەبینییەوە.
هەردووكیان تۆڕێكی تۆكمە و فراوانی رێكخستنیان لە گوندەكان و ناو جووتیاراندا دروستكردبوو، بە پەرۆشەوە سەردانی ماڵ و مەزراكانیان دەكرد و ببوونە ئاشنا و خۆشەویستی زۆربەی دانیشتووانی گوندەكان.
رۆڵ و كاریگەریی ئەو دوو كادرەی شۆڕش، ببووە مایەی نیگەرانیی دوژمن، بۆیە لە رێگەی كەسانی ناپاكی ناو كۆمەڵگە و خۆفرۆشانەوە، لێیان كەوتنە پیلان، دەزگاكانی ئەمن و ئیستخباراتی ناوچەی شارەزوور و زەڕایەنی ئەوكاتە، بە رێنمایی و چاودێریی سەرۆك جاشێك، كەوتنە جێبەجێكردنی پیلانەكە و لە دواجاردا، رۆژی 21/6/1982 هەردووكیان لە ماڵێكی گوندی (قازاو)ی سەر چەمی تانجەرۆدا، شەهید كران.
ژیاننامەی شەهیدەكان
شەهید جەلیل گەڵاڵی
شەهیدی نەمر جەلیل حەمە فەرەج ناسراو بە جەلیل گەڵاڵی، لە دایكبووی ساڵی 1957ی گوندی كانی پانكەی خوارووە، ساڵی 1979 ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانیی تەواوكردووە.
ساڵی 1978 پەیوەندیی كردووە بەرێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە، رۆژی 21/6/ 1982 لەگوندی (قازاو)ی شارەزوور شەهید كرا.
شەهید مامۆستا سەیفەدین
شەهیدی نەمر سەیفەدین عەلی كەرەم ناسراو بە مامۆستا سەیفەدین هاواری، لە دایكبووی ساڵی 1957ی گوندی (هاوار)ە، ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1978 كە خوێندكاری قۆناغی سێیەمی خانەی مامۆستایانی سلێمانی بوو، بوو بەپێشمەرگە، مانگی 10ی هەمانساڵ لە سەركردایەتی خولی كادرانی تەواو كردووە و دواتر گەڕاوەتەوە ناوچەی شارەزوور و وەك كادیرێكی سیاسی كاری كردووە، رۆژی 21/6/ 1982 لــەگوندی (قـازاو)ی شـــارەزوور شەهید كرا.