ئیمان ئامێدی: پشتگیریی لە هەر هەوڵێك دەكەین پرسی مووچە بەرەو چارەسەر ببات

11:26 - 2025-06-23
کوردستان
53 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: هەرچەندە ژمارەیەك لە ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، بەڵام هیچ گرفتێكی یاسایی لەبەردەم دەركردنی فەرمانی سالارییدا نییە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە.
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیژنەی یاسایی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای گەیاندنی سكاڵای فەرمانبەران لەلایەن ژمارەیەك لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی دابەشنەكردنی مووچە، دەبوو دادگای فیدراڵی فەرمانی سالاریی دەربكات و فەرمانبەران لەو بارودۆخە نالەبارە رزگاربكات و مووچەكانیان مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت، وتیشی: ئەندامانی دادگای باڵا، پێش پێشكەشكردنی فەرمانی دەستلەكاركێشانەوەیان، بۆچوونی خۆیان لەبارەی دەركردنی فەرمانێكی لەو جۆرە دابووە سەرۆكی دادگا، بۆیە ئێستا هیچ رێگرییەكی یاسایی نییە لەبەردەم دەركردنی فەرمانی سالاریی بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێویستیشە ناردنی مووچە لە ململانێكان دووربخرێتەوە و چیتر وەكو كارتی فشار بەكارنەهێنرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران تەئكیدیكردەوە كە هەمووان ئەو راستییە دەزانن بەهۆی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە لەبارەی راگرتنی ناردنی مووچە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر سەختدان، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن كێشەی مووچە بە یەكجاریی چارەسەربكرێت و بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی بۆ دەربكرێت بەشێوەیەك هیچ كەس و لایەنێك نەتوانێت كێشەی بۆ دروستبكات، وتیشی: ئێمە وەك نوێنەرانی فراكسیۆنی سەوز و لە ئاستی سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتیشدا پشتگیریی لە هەر هەوڵێك دەكەین كە پرسی مووچە بەرەو چارەسەر ببات بەشێوەیەكی هەمیشەیی و هەوڵەكانیشمان لە رابردوودا هەر بەو ئاڕاستە و مەبەستە بووە.

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان