بانكی نێودەوڵەتی رەزامەندی دەربڕی بە بڕی 930 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری دارایی بۆ عیراق خەرج بكات.
دەستەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بانكی نێودەوڵەتی پاكێجێكی نوێی دارایی پەسەند كرد كە زیاتر لە یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بوو، بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە گرنگەكانی گەشەپێدان لە عیراق، سوریا و لوبنان، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە.
لەو بڕە پارەیە كە لە لایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە پەسەند كراوە عیراق زۆرترین پشكی وەرگرتووە كە 930 ملیۆن دۆلارە، بۆ پڕۆژەی فراوانكردنی هێڵی ئاسنین.
ئاماژە بەوەشكراوە ئامانج لە پێدانی ئەو هاوكارییە بە عیراق بۆ پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەرە لە بەندەری ئوم قەسرەوە تاوەكو موسڵ لە باكووری وڵات بۆ كەمكردنەوەی كاتی گەشت و زیادكردنی كارایی گواستنەوەی بار و باشتركردنی كوالیتی خزمەتگوزارییەكانی گواستنەوە، ئەوە جگە لە پاڵپشتیكردنی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی كار و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات.