وڵاتان بە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل خۆشحاڵن

12:34 - 2025-06-25
جیهان
39 جار خوێندراوەتەوە

ئەو ئاگربەستەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەنرا و تا رادەیەك ئێران و ئیسرائیل پێوەی پابەندن، خۆشحاڵی وڵاتانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام داواکاریشیان لە هەردوو وڵاتەکە هەیە.
ترەمپ، گلەیی لە هەردوو وڵاتەکە هەیە، کە پێشێلکارییان کردووە لە ئاگربەستەکەیاندا، بەتایبەتی ئیسرائیل، بەڵام ئومێد هەیە ئاگربەستەکە درێژەبکێشێت و دۆخەکە هێورببێتەوە.
عیراق چی دەڵێت؟
عیراق، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، رەنگە هەموو مووشەك و فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی هەردوو وڵات بە ئاسمانەکەیدا تێپەڕیبێت، بۆیە ئێستا خۆشحاڵە بەو دۆخەی هاتووەتەپێشەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا کرد و ئاگربەستەکەی بە پێشهاتێکی پۆزەتیڤ ناوبرد.
رایگەیاند: عیراق هەمیشە پابەندە بە چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسیانە بۆ قەیرانە ئیقلیمییەکان، بەشێوەیەك ئاسایش و سەلامەتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزێت و رێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بکات.
لێدوانی ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی تورکیا وێڕای خۆشحاڵی بە ئاگربەستەکە، داوا لە هەردوولا دەکات بە تەواوی پێوەی پابەندبن.
وتیشی: وەك پێشتر وتوومە، ناوچەکە بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرێت، هەربۆیە دیپلۆماسی، باشترین و لۆژیکیترین رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ئیمارات ستایشی ئەمریکا و قەتەر دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و میری قەتەر دەکات، کە رێگەخۆشکەربوون بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لە بایەخی بەردەوامیی هەماهەنگیی کارا دەکاتەوە بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر.
سعودیە داوای پابەندبوون دەکات
وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش داوای پابەندبوونی لایەنەکان دەکات بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێز یاخود هەڕەشەکردن.
میسر بە هەلێکی راستەقینەی دەبینێت
هاوشێوەی وڵاتانی تر، وەزارەتی دەرەوەی میسر راگەیەنراوەکەی ترەمپ بە بەرەوپێشچوونێکی جەوهەری وەسف دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو پەرەسەندنە مەترسیدارەی، کە رۆژانی رابردوو ناوچەکە بەخۆیەوە بینی.
پێیوایە، دەگونجێت ئاگربەستەکە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بەرەو کۆتاییهێنان بە رووبەڕووبونەوەی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.
روسیا پێشوازی لێدەکات
دمیتری بیسکۆڤ وتەبێژ بەناوی کرملین رایگەیاند: ئەگەر بە فیعلی گەیشتبنە ئاگربەست، ئەوا جگە لە پێشوازیکردن لەو هەنگاوە، هیچی تر ناوترێت.
باسی لەوەشکرد، مۆسکۆ هیواخوازە ئاگربەستەکە بەردەوام بێت.
چین ئامادەیە بۆ کارکردن
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین جەختدەکاتەوە، پەکین خوازیارە ئاڵۆزی لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا نەبێت. هەروەها ئامادەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکات بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کاری لەپێشینەی یەکێتیی ئەوروپا
هەر لەبارەی ئەو هەنگاوەوە، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئاگربەستەکە بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف دەکات بەرەو بەدیهێنانەوەی سەقامگیری لەم ناوچە ئاڵۆزەدا.
جەختیشدەکاتەوە، سەقامگیریی لە ناوچەکەدا پێویستە کاری لە پێشینەی بە کۆمەڵیان بێت.
«رێزی ئاگربەست بگرن»
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هانی ئیسرائیل و ئێران دەدات بە تەواوەتی رێز لە ئاگربەست بگرن.

كوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان