زیاتر لە هەزار فیلم پێشكەشی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی كراون

10:56 - 2025-07-06
هەمەرەنگ
69 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكی خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی چڕبوونەتەوە و وادەی دەستپێكی فێستیڤاڵەكە ئاشكرا كرا.
دەستەی رێكخەرانی فێستیڤاڵەكە، سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەن كە پێشكەشكراون بە مەبەستی بەشدارییكردن لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی باشترینەكان، كە بە گشتیی لە 19 خەڵات پێكهاتوون.
فــــــوئاد جـــــەلال بــــەڕێوەبــــــــــەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دوالاپەڕەی وت: تا ئێستا و بە كۆی گشتیی، هەزار و 300 فیلم پێشكەشكراون بۆ تێكڕای پۆلە سینەماییەكان، لەوانە فیلمی درێژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، كورتەفیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەڵگەفیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هاوتای پۆلی خەڵاتی گەنجان و لاوان، كە كۆی بەرهەمەكان تایبەتن بە باشووری كوردستان و تەمەنی بەرهەمهێنەرەكانیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە.
وتیشی: لیژنەی یەكەمی فێستیڤاڵەكە، بە گوێرەی مەرج و یاساكان، بینەری بەرهەمەكان بوون و ئەوانەیان دیارییكردووە كە شیاون بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی پاڵاوتن، هەڵبژاردنی تێكڕای بەرهەمەكان ماوەی یەك مانگ دەخایەنێت، لە مەرجەكانیش، شیاویی بۆ نمایشكردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، ساڵی بەرهەمهاتنیان لەنێوان 2024 و 2025 بێت، تا ئێستا نمایش نەكرابن، ماوەی كورتەفیلمەكان لە 25 خولەك زیاتر نەبن، بەڵگەفیلم لە 48 خولەك زیاتر نەبێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرزنەكرابێتنەوە و خاوەنی ژێرنووسی ئینگلیزی بن.
بەشێك لەو فیلمانەی پێشكەشكراون، ژمارەیەكیان وەك بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵات بەشداریی دەكەن و ژمارەیەكیشیان تەنها بەرهەمی نمایشن لەماوەی حەوت رۆژی بەڕێوەچوونی چالاكیی و رۆژەكانی فێستیڤاڵەكە لە شاری سلێمانی نمایشدەكرێن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە ساڵی 2016 وە دەستیپێكردووە، لە یەكەم خولیدا ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، پاشان لە خولەكانی داهاتوودا و تا خولی چوارەم،  بە بەشداریی هونەرمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ماوەی بەڕێوەچوونی چالاكییەكانی بۆ حەوت رۆژ درێژكردەوە.
بڕیارە فێستیڤاڵەكە لە یەكەمین رۆژی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2025 بەڕێوەبچێت.
وەك چۆن لە ساڵانی رابردوودا، فێستیڤاڵەكە بە بەشداریی میوان و هونەرمەندە ناوخۆیی و بیانییەكان چالاكییەكانی بەڕێوەچووە، بە هەمان ئامانج، ئامادەكارییەكان دەکرێن و فێستیڤاڵەكە دەستپێدەكاتەوە.
سلێمانی، نگین ئەمیر

بابەتە پەیوەندیدارەکان