هاووڵاتیان پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەن

09:48 - 2022-08-18
ڕاپۆرت
527 جار خوێندراوەتەوە
#هاووڵاتیان داوای چاکسازی زیاتر دەکەن

راپۆرتی/ کەنار قاسم 

هاووڵاتیان پشتیوانی هەنگاوەکانی سەرۆکی یەکێتی لە شارەوانی سلێمانی  و رێگری لە بەکارهێنانی ناو ناونیشان لە بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی بەرز دەنرخێنن.
  بڵاوکردنەوەی ئەو هێزەی دوێنێ لە نزیک بینای سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و بڕیارەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە دەڵێت «هەر بەرپرسێکی یەکێتی ناونیشانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دەستکەوتی تایبەت، سزای توند دەدرێت»، کاردانەوەیەکی باشی رای گشتی و هاووڵاتیانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی تەواوی بڕیارەکە دەکەن و هیواخوازن سەرجەم سێکستەرەکانی دیکەش بگرێتەوە. 

چاوەڕێی چاکسازی زیاتر دەکەن
نارین مستەفا، خوێندکاری زانکۆ، دەڵێت: ئەوەمان بیست هێزێک نێردراوە بۆ شارەوانی سلێمانی بۆ رێگریکردن لەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ماڵ  و موڵکی دەوڵەت و هاووڵاتیان، من دەست خۆشیان لێ دەکەم، هیوادارم ئەم هەوڵانە بەردەوام بێت.
ئەحمەد فاتیح-ی دوکاندار هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی بەرزدەنرخێنێت و وتی: هەوڵەکانی یەکێتی هیوا بەخشە بۆ هاووڵاتیان، بەتایبەت ئەو هەوڵەی بۆ رێگریکردن لە دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاووڵاتیان درا،  هیوادارم تەنها کەسی شایستە لە رێگەی یاساوە ئیمتیاز و مافی خۆی وەربگرێت.
سەڵاح محەمەد  لە کەلارەوە دەڵێت: لە گەرمیانەوە چاوەڕێی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەین چاکسازییەکانی بەگەڕ بخات دژی گەندەڵکاران، هاوکات  لە بڕیارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، «چاوەڕوان دەکەن سەرجەم حزب و لایەنەکانی تر هەمان هەڵوێستیان ھەبێت».

پاڵپشت و پشتیوانی وەبەرهێنە راستەقینەکانین
هەمیشە کارەکانی شارەوانی بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان بووە، هەر بۆیە ئەم هەنگاوە پلان و کارەکانی شارەوانی فراوانتر دەکات، لە پێناوی رێکخستن و لەناوبردنی گەندەڵکاران.
هاوکات هەر دوێنێ  سێ شەممە، لەیلا عەلی، سەرۆکی شارەوانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند: ئەو کارەی ئاسایشی سلێمانی تەنها بۆ پاڵپشتی و پشتیوانییە لەموڵک و سامانی هاووڵاتیان، بەڕاشکاوی دەیڵێین هەر کارێکی دزێو یان نامۆ یان بزانین فەرمانبەرێک داوای بەرتیل لە هاووڵاتی دەکات، رێکاری یاسایی لە دژی دەگرینە بەر».
وتیشی « لەسەرەتای دەستبەکاربوونمەوە بە ئاشکرا وتوومە، پاڵپشت و پشتیوانی وەبەرهێنە راستەقینەکانین، لەگەڵ جوڵەی بازاڕداین، لەگەڵ ئەوەداین کار و کاسبی خەڵک باش بێت.

460 پارچە زەوی دابەشدەکرێت
سەرۆکی شارەوانی وتیشی: پڕۆسەی دابەشکردنی زەویمان بەسەر 59 خێزانی شەهید جێبەجێکردووە، لەداهاتووشدا 460 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەشدەکرێت، ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بە نیسبەت دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، کەی نووسراومان بۆ هات لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانییەوە  ئەو کاتە دەتوانین دابەشی بکەین، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە ئیفرازکردنی زەوی راوەستاوە، ئێستا زەوی پێویستمان نییە، لە سەردانەکەی ئەم جارەی وەزیری شارەوانی داوامانلێکرد جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە.

78 پڕۆژەمان رەتکردوەتەوە
سەبارەت بە فرۆشتنی زەوییە گرانبەهاکان، لەیلا عەلی راشیگەیاند: ئێمە 78 پڕۆژەی وەبەرهێنانمان رەتکردوەتەوە، کە یان شوێنی گونجاومان بۆی نەبوە یان  پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە زەویەکەی فرۆشتوە، ئەمەش لە رووی یاساییەوە نابێت.
سامان لەتیف، مامۆستا، دەڵێت، هەنگاوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد جەلال تاڵەبانی بە ئاشکرا بە سلێمانیەوە دیارە، ئەوان هاوکارن لەگەڵ هەمو دەزگاکانی حکومەت لە سنووری شارەکەماندا،  هەوڵ دەدەن رێگری بکەن  لە کۆمەڵێک کەسایەتی حزبی و ناحزبی کە بە شێوەیەکی نادروست و نایاسایی سوود لە دامودەزگاکانی حکومەت وەردەگرن و لە شارەوانیش هەندێک کەس نایاساییانە ماڵ و موڵکی ئەو مییلەتەیان داگیرکردووە.
هاووڵاتیان لە کەناڵەکانی رایگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە، ئاماژە بەوە دەدەن ئەم بڕیار و هەوڵانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر بە ئاڕاستەی چاکسازی بکرێت و تەنها بڕیار نەبێت، جێبەجێبکرێت و هەموان  بگرێتەوە، کاریگەری باش لەسەر سنووری سلێمانی دروست دەکات و هیواخوازن  لە چاکسازی بەردەوام بن لە هەموو دام و دەزگا حزبی و حکومیەکان و دەیانەوێت سەرجەم شارەکانی هەرێم بگرێتەوە.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان