هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە مێژوودا

12:30 - 2022-08-21
ژینگە
673 جار خوێندراوەتەوە
مانسا موسا ئیمپراتۆری مالی و غانا

لە فارسییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

 هەموو ساڵێك لیستی دەوڵەمەندترین كەسانی دنیا بڵاودەكرێتەوە، ئەوانە ئەو كەسانەن كە لە بازاڕی كاردا پشكی زۆر و زەوەندیان لە كۆمپانیا گەورەكاندا هەیە، كاتێك بیر لە دەوڵەمەندترین كەسی جیهان دەكەیتەوە، كێت بەبیردا دێت؟ بیل گەیتس دامەزرێنەری مایكرۆسۆفت، یان جێف بێزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن، یان رەنگە بیر لە ئیلۆن ماسكی خاوەنكاری بەناوبانگ بكەیتەوە، نا هیچ كامیان نییە، ئەگەر ناوی ئیمپراتۆرەكان و دەسەڵاتدارەكان و داگیركەرانی مێژوو بۆ ئەو لیستە زیاد بكەین، واتە لیستی دەوڵەمەترین كەسایەتییەكان لە مێژوودا چی دەبێت؟ هەڵبەتە دروستكردنی لیست بۆ كەسانێك لە سەردەمانی جیاجیای مێژوودا و لە شوێنی جیاجیای جیهانن كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئاڵۆزیی ئەم كارە ناتوانێ وا لە مێژوونووسان و ئابوریناسانی هەڵكەوتە بكات دەستی بۆ نەبەن، لێرەدا باس لە دەوڵەمەندترین كەسانی جیهان دەكەین لە مێژوودا.

جەنگیزخان
لە سەروی لیستەكەوە جەنگیز خانە، جەنگیز خان دامەزرێنەری ئیمپراتۆری مەغۆل، نزیكەی 100 تریلیۆن دۆلاری هەبوو، جەنگیز خان لە ساڵەكانی 1206 تا 1227 زایینی، چەندین ملیۆن كیلۆمەتر خاكی وڵاتانی داگیر كرد و بەشێك لە ئاسیای ناوەندی خستە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، جەنگیز خان هەر وڵاتێكی داگیر دەكرد، خەڵكەكەی دەكوشت، ئەگەر جگە لەو سەروەت و سامانەی هەیبوو، هەموو ئەو خاك و موڵكانەش هەژمار بكەین كە لە ژێر دەستیدا بوو ئەوا جەنگیز خان دەبێتە دەوڵەمەندترین كەسی دنیا.
حەزرەتی سلێمان
پلەی دووەم بۆ حەزرەتی سلێمانە، حەزرەتی سلێمان یەكێكی دیكەیە لە دەوڵەمەندترین كەسەكان لە مێژوودا، بۆ ماوەی 40 ساڵ، واتە لە 370ی پێش زایینەوە تا ساڵی 321ی پێش زایین حوكمڕان بووە و بەوە بەناوبانگ بوو سامان و زاناییەكی زۆری هەبوو، دەوترێ ئیمپراتۆریەکەی حەزرەتی سلێمان گەیشتۆتە پلەیەكی زۆر باڵا و شكۆی دەسەڵات، خودی حەزرەتی سلێمانیش لە سایەی ئەو شكۆ و دەسەڵاتەدا هەموو ساڵێك 666 قاڵبی زێڕی دەكڕی واتە 39 تۆن.
حەزرەتی سلێمان جگە لە موڵك و ماڵ بە پارەی ئەمڕۆ 2.2 تریلیۆن دۆلاری هەبوو، لەو پارە و سامانەش كە هەیبوو، كۆشك و تەلاری دروست دەكرد، یەكێك لەو كۆشكانەی پەرستگای حەزرەتی سلێمانە لە بەیتولموقەدەس دروستی كردووە و بە یەكێك لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكەی جیهان هەژمار دەكرێت.
مانسا موسا
مانسا موسا لە پلەی سێیەمە، لە سەدەی چواردەدا یەكەمین پاشای مالی و تیمبۆكتۆ بوو، بە پارەی ئەمڕۆ نزیكەی 425 ملیۆن دۆلاری هەبوو، مانسا ئیمپراتۆری مالی و غانای لە ژێر دەستدا بوو، بە درێژایی سەدەی چواردەش كە حوكمڕان بوو، توانی بەشی زۆری ئەفریقا داگیر بكات، یەكێك لە نازناوەكانی مانسا پاشای كانزاكان بوو، زیاتر لە نیوەی گەنجینەی زێڕی ئەو سەردەمە هی ئەو بوو، لەو سەردەمەشدا خواست لەسەر زێڕ زۆر بەخێرایی روو لە هەڵكشان بوو.
جۆن دی راكفلەر
چوارەم كەس جۆن دی راكفلەر-ە، راكفلەر نازناوی دەوڵەمەندترین كەسی ئەمریكی و دەوڵەمەندترین كەسی مێژووی هاوچەرخی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە، سامانەكەی 367 ملیار دۆلار بوو، ئەو سامانەشی لە رێگەی پیشەسازی نەوتەوە بە دەست هێنابوو، خاوەنی كۆمپانیای ستانداردی ئۆیل هام بوو %90ی نەوتی ئەمریكا لە دەستی ئەودا بوو، ستراتیژەكانی راكفلەر پیشەسازی نەوتی ئەمریكای گۆڕی.
نیكۆڵای دووەمی روسیا
نیكۆڵای دووەمی روسیا لە پلەی پێنجەمە، نیكۆلای دووەم دواهەمین قەیسەری روسیایە، سامانەكەی بە پارەی ئەمڕۆ نزیكەی 300 ملیار دۆلار دەبێ، نیكۆڵای لە ساڵی 1894وە تا ساڵی 1917 قەیسەری حوكمڕانی روسیا بوو، بنەماڵەی رۆمانۆڤ زیاتر لە 300 ساڵ لە روسیا حوكمڕان بوون، لەو ماوەیەدا سەروەت و سامانێكی زۆریان بەدەست هێنا، نیكۆڵای دووەم تەنیا كارێك كە كردی ئەوە بوو ئەو سامانەی زیاتر و زیاتر دەكرد.
بە تەنیا زێڕ و زیوی بنەماڵەكەی رۆمانۆڤ بایی نزیكەی 160 ملیۆن رۆبڵ دەبوو، خودی نیكۆڵای خاوەنی سەدان ملیار دۆلار بوو لە بانك و پیشەسازی هێڵی ئاسندا، هەموو ئەو پارانە لە دوای كودەتاكەی روسیاوە گوازرایەوە بۆ بانكێك لە ئەڵمانیا، هاوسەری قەیسەر خاوەنی 600 ئەڵماس بوو، ئەم خێزانە چەندین كۆشك و تەلاریان لە وڵاتانی ئەوروپا هەبوو، لە روسیاش كۆشكی زۆریان هەبوو. 
عوسمان عەلی خانی هیندی
پلەی شەشەم دەدرێت بە عوسمان عەلی خانی هیندی، یەكێكە لە دەوڵەمەندترین كەسەكان لە مێژوودا، فەرمانڕەوای حەیدەر ئاباد بوو، حەیدەر ئاباد ساڵی 1948 بوو بە بەشێك لە هیندستان، لە ساڵی 1937دا وێنەی عوسمان عەلی خان وەك دەوڵەمەندترین كەسی جیهان لە بەرگی گۆڤاری تایمدا بڵاوكرایەوە، سامانەكەی لە رێگەی كانزاكان و زەوی و زارەوە بەدەست هێنابوو، لەو سەردەمانەدا عوسمان عەلی خان خاوەنی تاكە كانی ئەڵماسی دنیا بوو، لە سەرەتاكانی 1940دا سامانەكەی دوو ملیار دۆلار بوو، عەلی خان لەناو زێڕو زیوەكەیدا ئەڵماسێكی 24 قیراتی هەبوو، كە نرخەكەی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار بوو، عوسمان عەلی خان ئەو ئەڵماسەی دەخستە سەر كاغەزەكانی سەر مێزەكەی تا با نەیانبات.
یاكوب فۆگێری
حەوتەم کەس یاكوب فۆگێری خاوەنكار و خاوەنی بانك و كانەكانە لە ئەڵمانیا، كە لە سەدەی 16دا ژیاوە و سامانەكەی بە پارەی ئەمڕۆ 227 ملیار دۆلار بووە، بەشێكی زۆر لەو سامانەی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی كاڵاو شمەك لەگەڵ ئیتالیادا بەدەست هێناوە، ئەوكات زیاتر لە پیشەسازی رستن و چنیندا كاری دەكرد، بەڵام دواتر یاكوب لەگەڵ خێزانی شاهانەی نەمسا كەوتە مامەڵەی بانكی و بارودۆخەكە گۆڕا و سامانەكەی زۆر زیادی كرد و کارە بازرگانییەكانیشی زۆر فراوان بوو.
معەمەر قەزافی
هەشتەم كەس معەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیایە، كە لە رێگەی كودەتاوە چووە سەر حوكم و بۆ ماوەی 42 ساڵ حوكمی كرد، ساڵی 2011 كە كوژرا، دەنگۆیەك بڵاو بۆوە كە قەزافی 200 تریلۆن دۆلاری هەیە، قەزافی سامانی سروشتی هەموو لیبیای لە ژێر دەستدا بوو، داهاتەكەی بەشێوەیەكی نهێنی بەسەر چەند بانكێكی جیهانیدا دابەش دەكرد و دەیشاردەوە، لە دوای مردنی ئەمریكا توانی 37 ملیار دۆلار لە سامانەكەی بدۆزێتەوە، 30 ملیار دۆلاریشی لە بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیاو ئیتالیا دۆزرایەوە، بەڵام هێشتا زۆری تریشی هەیە كە نەدۆزراوەتەوە.
هینری فۆرد
لە لیستەكەدا نۆیەم كەس هینری فۆردی خەڵكی ئەمریكایە، هینری فۆرد كەسی پلە یەكە لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا لە ئەمریكا، كۆمپانیای فۆرد بۆ یەكەمجار لە مێژوودا جۆرە ئۆتۆمبێلێكی دروستكرد نرخی گونجاو بێت، تا چینی ناوەند توانای كڕینیان هەبێت، كاتێك هینری فۆرد كۆچی دوایی كرد، بە پارەی ئەمڕۆ خاوەنی 200 ملیار دۆلار بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان