د. حه‌یده‌ر حسێن ئال توعمه
له عه‌ره‌بییه‌وه: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
عیراق جگه له‌وه‌ی كه له رووی وزه‌وه بۆ چین گرنگه، پردێكی گرنگیشه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو كیشوه‌ری ئاسیا‌و ئه‌وروپاو به‌ستنه‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌نداو به وڵاتانی شامه‌وه، ئه‌مه‌ش واته عیراق ده‌كه‌وێته ناوجه‌رگه‌ی پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگای چینه‌وه، كه هه‌مان پڕۆژه‌ی رێگای ئاوریشمه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یه‌ك گه‌یه‌نه‌ری رێگای هاتوچۆی هه‌موو جیهانه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش دراوسێی سێ وڵاته كه بۆ چین گرنگن، ئه‌وانیش ئێران و توركیا‌و سعودیه‌یه.
ئه‌گه‌ر له تۆڕی رێگاوبانی هاتوچۆی بازرگانی جیهانی ورد بینه‌وه، ده‌بینین پێگه‌ی جوگرافی عیراق سه‌نته‌ری سه‌ره‌كی رێگای ئاوریشمه، چونكه له رێگه‌ی عیراقه‌وه ده‌توانرێ نه‌وت و غاز‌و كاڵا‌و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی بگوازرێته‌وه، به جۆرێك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تێچوونی گواستنه‌وه له چینه‌وه بۆ ئاسیا‌و ئه‌فریقاو ئه‌وروپا به رێژه‌ی 70 % كه‌م بكاته‌وه، ئه‌و رێگایه له چینه‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ ئۆزبه‌كستان، تاجیكستان، ئێران، عیراق، توركیا، ئه‌وروپا، به‌وه‌ش عیراق ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ری ستراتیژی رێگاكه‌وه.
پڕۆژی فاو كه‌مته‌رخه‌می تێدا كراوه
ئه‌و پێگه گرنگه‌ی عیراق په‌یوه‌سته به ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی به‌نده‌ری فاوه‌وه، ئه‌و به‌نده‌ره‌ی كه حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق چه‌ندین ملیار دۆلاریان بۆ ته‌رخانكردووه و تا ئێستاش كه‌مته‌رخه‌می پێوه دیاره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕۆژه‌كه ئه‌گه‌ر ته‌واو بكرێت، كاریگه‌ری زۆر باشی بۆ عیراق ده‌بێت، چونكه به به‌شداریكردنی عیراق له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگادا، رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت له ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریدا، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت پڕۆژه‌ی رێگای ئاوریشم عیراق به وڵاتانی دیكه‌ی به‌شدار له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ببه‌ستێته‌وه، به تایبه‌ت له بواری ئابووری و بازرگانیدا، له‌به‌رئه‌وه ته‌واوكردنی به‌نده‌ری فاو كورتترین رێگای گواستنه‌وه‌ی بازرگانی دابین ده‌كات، به كه‌مترین تێچوونیش، ئه‌وكاته كه‌شتییه‌كانی چین كاڵا‌و شمه‌ك بار ده‌كه‌ن بۆ به‌نده‌ری گواده‌ر له پاكستان، له‌وێشه‌وه بۆ به‌نده‌ری گه‌وره‌ی فاو، له فاو باره‌كانیان داده‌گیرێ و به رێگه‌ی هێڵی ئاسن ده‌گوازرێنه‌وه بۆ به‌نده‌ری ته‌رتوس له سوریا یان له توركیا‌و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌وروپا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ری هه‌یه عیراق ببێته یه‌كێك له گرنگترین وڵاتانی به‌شدار له پڕۆژه‌كه‌ی چین، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی به‌نده‌ری فاو ته‌واوبكرێت. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی عیراق به‌شداریكردنی له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگادا مسۆگه‌ر بكات، پێویسته ئه‌م هه‌نگاوانه بنێت:
-1داڕشتنی پلانی درێژخایه‌ن بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌و شارانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ر ده‌ریا، به جۆرێك تێڕوانینێكی ستراتیژیانه‌ی هه‌بێت و پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیك و ئابووری و مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردن له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگا ره‌چاو بكات.
-2 كاركردن بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌و سیاسه‌تێكی ده‌ریایی عیراقی، بۆ ئه‌وه‌ی ململانێی ده‌ریایی بكات، له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن عیراق له‌و پڕۆژه گه‌وره‌یه دوا بخه‌ن.
-3 په‌له كردن له ته‌واوكردنی به‌نده‌ری گه‌وره‌ی فاو، به جۆرێك بخرێته پێش هه‌موو پڕۆژه‌كانی دیكه‌وه، له‌گه‌ڵ بنیاتنانه‌وه‌ی جۆگه‌ی وشك كه هه‌مان هێڵی ئاسنه له فاوه‌وه بۆ هەرێمی کوردستان و به‌ستنه‌وه‌ی رێگاكه به ئه‌وروپاوه، بۆ ته‌واوكردنی ئه‌ڵقه ونبووه‌كه‌ی پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگا له رێگه‌ی عیراقه‌وه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بكرێت داهاتێكی فراوانی ده‌بێت بۆ وڵات و هه‌لی كاری زۆریش له باشووری عیراق دابین ده‌كات.
-4 كاركردن بۆ كه‌شی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان، به تایبه‌تیش له كه‌رتی به‌نده‌ره‌كانی عیراق و پێشنیاز كردنی پڕۆژه‌ی زه‌به‌لاح له كه‌رتی تایبه‌تدا.
-5 پابه‌ندبوون بەو رێكه‌وتن و یادداشتنامانه‌ی له‌گه‌ڵ چیندا مۆر كراون، له‌گه‌ڵ كاركردن بۆ جێبه‌جێ كردنیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی عیراقدان.
-6 پێویسته حكومه‌تی عیراق سیاسه‌تی ئابووری خۆی بگۆڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی سوود له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگا وه‌ربگرێت و له سیاسه‌تی پشتبه‌ستن به نه‌وت وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات دوور بكه‌وێته‌وه، چونكه به‌م شێوه‌یه عیراق له رووی ئابوورییه‌وه ده‌بێته وڵاتێكی بنكه فراوان و خاوه‌نی ئابوورییه‌كی فره‌چه‌شنه.
-7 باشتر وایه عیراق راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ چیندا بكه‌وێته گفتوگۆ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی عیراق به چین، به‌رامبه‌ر به ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری به سوود وه‌رگرتن له تواناكانی چین له‌و بواره‌دا.
به‌ره‌و ئابوورییه‌كی فره سه‌رچاوه
به‌شداریكردنی عیراق له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگای چیندا، ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووری عیراق، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی به‌نده‌ری گه‌وره‌ی فاو ته‌واو بكرێت، چونكه عیراق تا ئێستاش ئابوورییه‌كی قازانجخوازی هه‌یه‌و پشت به تاكه داهاتی ده‌به‌ستێت كه نه‌وته، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره، له‌به‌رئه‌وه دروستكردنی به‌نده‌ری فاو، واته كردنه‌وه‌ی رێگای ئابووری به رووی عیراقدا، جیاواز له ئابووری نه‌وت، واته فره‌چه‌شنی له ئابووری عیراقدا به‌دی دێت.
جگه له‌وه‌ش، گرنگی پڕۆژه‌ی رێگای ئاوریشم بۆ عیراق له‌وه‌دایه كه ده‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆ بنیاتنانه‌وه‌و بووژانه‌وه‌و به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی گه‌شه‌ی به‌رده‌وامی ئابووری، به‌وه‌ش عیراق له چوارده‌وری خۆیدا كارا ده‌بێت، چونكه بازاڕی عیراق بازاڕێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هاورده‌ی نه‌وتی چین زۆر زیادی كردووه‌و عیراقیش له دۆخێكی وادا ده‌بێته یارمه‌تیده‌رێكی باشی ئابووری بۆ چین، چونكه هانی ده‌دات په‌یوه‌ندیی ئابووری له‌گه‌ڵ عیراقدا زیاتر بێت، چونكه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هاورده‌ی چین بۆ نه‌وت زیادی كردووه، ئه‌مه‌ش مانای وایه چین گرنگی به عیراق ده‌دات، چونكه ده‌زانێ كه عیراق له رووی یه‌ده‌گی نه‌وته‌وه له وڵاته گه‌وره‌كانه.
هه‌رچه‌نده عیراق ئێستا به‌شێك نییه له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگا، یان پڕۆژه‌ی رێگای ئاوریشم، به‌ڵام پێگه ستراتیژییه‌كه‌ی، كه هه‌موو رێگاكانی گواستنه‌وه‌ی جیهانی به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و دراوسێیه‌تیشی له‌گه‌ڵ سێ وڵات كه به‌شدارن له پڕۆژه‌كه‌ی چین، هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن عیراق ده‌رفه‌تی هه‌بێت بۆ به‌شداریكردن له‌و پڕۆژه‌یه‌دا، له‌وانه‌شه عیراق بتوانێ ئه‌و پێگه‌یه‌ی خۆی به‌كار بهێنێت له رێگه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا چینییه‌كان له بواری پیشه‌سازیدا، هه‌ڵبه‌ت هاوكاری نێوان عیراق و چین ته‌نیا به هه‌نارده‌و هاورده‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵكو بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی عیراقیش ده‌گرێته‌وه، كه ساڵانێكی زۆره به‌هۆی شه‌ڕو ئاژاوه‌وه هیچ گه‌شه‌یه‌كی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
سه‌رچاوه: بروجكت