ئەمڕۆ دووشەممە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر دورکەوتنەوەی تەواوەتی خۆی لەکاری سیاسی راگەیاند و ئاشکراشیکرد کە هەموو ناوەندەکانی رەوتەکەی دادەخات جگە لە دوو مەزارگە پیرۆزەکە و مۆزەخانەی پاشماوەی بنەماڵەی سەدر.
لەو رووەشەوە لە تویتێکدا لە کە سەید موقتەدا سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە، نووسیوێتی: "تەنها ویستم ئەو شێواندنە راست بکەمەوە کە لەلایەن هێزە سیاسییە شیعەکانەوە دروستبووە، تا وەک پێکهاتەی زۆرینە لە گەلەکەیان نزیکیان بکەمەوە".
ئاماژەشی بەوە داوە کە بڕیاری داوە دەستوەردان لە کاروباری سیاسیدا نەکات،بۆیە لێرەوە دەستبەرداربوونی تەواوەتی خۆی رادەگەیەنێت.
لە تویتەکەیدا هاتووە: (راشیدەگەیەنم کە سەرجەم دامەزراوەکانی سەربە رەوتەکەم دادەخەم جگە لە هەردوو مەزارگەی پیرۆز و مۆزەخانەی شوێنەواری بنەماڵەی سەدر و داواشی لە شوێنکەوتووان و لایەنگرەکانی کردووە کە داوای بەکۆمەڵی یاسایی رەسمی پێشکەش بکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەریی بکەن تا بتوانێت "بە شێوەیەکی دەستووری" مامەڵە بکات.
ئەو راگەیەندراوەی سەید موقتەدا سەدر لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڕیار لە بابەتی هەڵوەشاندنەوە یان مانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بدات.
بەبڕوای پسپۆڕانی سیاسیش ئەم هەنگاوەی سەدر لەم کاتە هەستیارەی عیراقدا دەبێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لەو تەنگژەی سیاسییەی ئێستا عیراقی پێدا تێدەپەڕێت.
هەرلەدوای ئەو هەنگاوە نوێیەی موقتەدا سەدر-یش، وەزیرەکەی سەدر کە چەند مانگێکە بەناوی ئەوەوە لێدوان و تویت بڵاودەکاتەوە، هەموو پۆستەکانی خۆی لە تۆڕی تویتەر سڕییەوە.