د.یوسف گۆران: بڕیاردرا دیدار ببێتە ساڵانە و چاکسازییەکان 20 سێکتەر دەگرێتەوە

09:29 - 2022-08-30
ڕاپۆرت
802 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی ی.ن.ک كە تێیدا هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتی هەڵبژارد و چەند گۆڕانكارییەكیشی لەبەر رۆشنایی راسپاردەکانی دیداری یەکێتی و دۆخی هەنووکەییدا لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپاند، هەڤاڵ د.یوسف گۆران بەرپرسی مەڵبەندی دیراساتی ی.ن.ک لە بەرنامەی پانۆرامای كەناڵی ئاسمانیی كوردسات نیوزدا، وردەکاریی گۆڕانکارییەکان و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و کاری ئایندە و ژیانی حزبی لە قۆناغی داهاتوودا روونکردەوە.

ئا: کوردەوان محەمەد سەعید

سەرەتا روونیکردەوە کە لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر دوو تەوەری سەرەكی كراوەتەوە، هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و پەسەندكردنی راسپاردەکانی دیداری یەكێتی. وتیشی: هۆكاری ئەوەش ئەوەیە كە بەشێكی زۆری راسپاردەكانی دیدار پەیوەست بوو بە پەیڕەوی ناوخۆ و ستراكچەری یەكێتی، لەبەرئەوە گۆڕینی پەیڕەو خۆی لە خۆیدا بەشێكی گرنگی جێبەجێكردنی راسپاردەکان بوو.
هەروەها رایگەیاند دوای وەرگرتنی ئەو هەموو راوبۆچوونە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە یەكێتی گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆدا بكات و بە دیدگایەکی نوێوە لە پێشهاتەکان بڕوانێت و وتیشی: ئەوە بۆخۆی سەركەوتنی ئیرادەی هەزاران كادری یەكێتییە.

نەهێشتنی سیستمی هاوسەرۆکی
ئەوەشی روونکردەوە کە  لە دیدارەکەدا 13 لیژنە هەبوون، لە راپۆرتی هەموویاندا جەخت لە نەهێشتنی سیستمی هاوسەرۆکی کرابۆوە، لەبەرئەوەی لەم قۆناغەدا یەكدەنگی و یەكدەستی لەناو یەكێتیدا زۆر گرنگە و سەركردایەتییەكی یەكگرتوومان پێویستە كە بتوانێت وەڵامدەرەوەی گۆڕانكارییە خێراكان بێت بۆیە ئەوە یەكێك بوو لە سەركەوتنە گەورەكان.
ئاماژەشی بەوەدا كە ئەو چاكسازییانەی لە دوای هەشتی تەمموزەوە دەكرێن بەپێی پەیڕەو نەبووە، بەڵام دەركەوت كە زۆرینەی رەهای سەركردایەتیی یەكێتی لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەدا بوون و ئەمڕۆش گۆڕانکارییەکان لە پەیڕەوی ناوخۆدا جێگیركران. چونكە ئەزموون دەریخست کە ئەزموونی فرەجەمسەری و هاوسەرۆكی، شكستی هێناو نەیتوانی یەكێتی وەك هێزێكی گەورە كۆبكاتەوە و ئاراستەی بكات.

سەرکردایەتی ئەو دەسەڵاتەی  لە کۆنگرە وەرگرتووە
د.یوسف روونیشیکردەوە کە مادەیەك هەیە لە پەیڕەوی ناوخۆدا كە لە كۆنگرەدا پەسەندكراوە و تیایدا هاتووە كە سەركردایەتی بۆی هەیە پەیڕەو هەموار بكاتەوە، كەواتە ئەو دەسەڵاتەی پیادەکراوە، سەرکردایەتی لە كۆنگرەوە وەریگرتووە.
لەبارەی كاریگەریی بڕیارەکانی كۆبوونەوەكەشەوە لەسەر رێڕەوی ژیانی سیاسیی هەرێم، وتی: یەكێتییەكی بەهێز كوردستانێكی ئاسوودە و جێگیر و بەهێز و دیموكرات دروست دەكات و پێمانوایە ئەم گۆڕانكارییانە كاریگەریی لەسەر باشتربوونی دۆخی ناوخۆی یەكێتی دروستدەكات، كە دۆخی ناوخۆی یەكێتیش باشتر بێت، دەتوانێ پەلبهاوێت بۆ چاككردنی دۆخی هەرێمیش.

یەکێتی گەمەکارێکی سیاسیی بەهێزە
لەبارەی کۆی چاکسازییەکانی دوای هەشتی تەمموزیشەوە، روونیکردەوە کە دەتوانین بە سەیرکردنی دۆخ و سەنگی یەكێتی لەدوای ئەو چاكسازییانەوە لەگەڵ بەغدا و هەرێمیشدا بزانین چۆنە، پێشتر دەوترا یەكێتی بۆی ناچێتە سەرو ناتوانێت كاریگەریی هەبێت، بەڵام ئێستا هەموو چاودێرێك دەزانێت كە یەكێتی گەمەکارێکی سیاسیی بەهێزە.
ئاماژەشی بەوە دا کە ئەوەی كراوە، نەخشەڕێگای یەكێتییە بۆ ئایندە و وتی: لەمەودوا پێویستمان بەوە نییە بە كادرەكانی خۆمان لە پەرلەمان بڵێین دیدو بۆچوونی یەكێتی چییە، چونكە لە دیدارەكەدا لیژنەیەكی تایبەت هەبوو بۆ ئەوە، كەواتە ئەمە روئیای یەكێتییە و دەیدەین بەو لیژنەیەی خۆمان لە پەرلەمان كە قسە لەسەر دەستوور دەكەن و پێیان دەڵێین ئەمە روئیای یەكێتییە، ئەمەش بۆ سەرجەم بوارەكان راستە. پێویستە ئەمانە بدەینە پەرلەمانتارەکانمان تا پڕۆژەیاسای لەسەر دەربكەن.
وتیشی: لە كۆبوونەوەی ئەمجارەدا نەك هەر نەخشەڕێگەمان دیاریكردووە، بەڵكو ئەوەشمان دیاریكردووە كە چۆن جێبەجێی بکەین. راشیگەیاند کە لە كۆبوونەوەكەدا هەڤاڵ قوباد راشكاوانە باسی ئەوەی كردووە كە لیژنەیەكی تایبەت لە سەركردایەتی، یان لە كادرە باڵاكان بۆ بەدواداچوون لە شێوازی جێبەجێكردنەكەی پێكدەهێنین، دوای ئەوە ئەو لیژنە حزبییە دێت چاودێریی شێوازی جێبەجێكردنەكەی دەكات.

مادەیەکی پەیڕەوی ناوخۆ كە لە كۆنگرەدا پەسەندكراوە ئەوەیە سەركردایەتی بۆی هەیە پەیڕەو هەموار بكاتەوە، واتە سەرکردایەتی ئەو دەسەڵاتەی لە كۆنگرەوە وەرگرتووە

لەبارەی گەڵاڵەبوونی راسپاردەكانی دیداریشەوە، د.یوسف رایگەیاند: لە چوارچێوەی دیداری یەكێتیدا زیاتر لە 130 كۆبوونەوە كراوە، نۆ كۆبوونەوەی گەورەی جەماوەریی، دیدارە گەورەكەش نزیكەی چوار هەزار كەس تێیدا بەشداربووە، جگە لەمانە ماڵپەڕێك هەبووە كە سەدان پڕۆژە و پێشنیازی بۆ هاتووە، بە گشتی نزیكەی 1400 پڕۆژە و پێشنیاز هاتوون، ئەمانە هەمووی فۆرمەڵە كراون و كۆی گشتی هەموو راپۆرتەكان 204 لاپەڕەیە کە ئەگەری هەیە لە ئایندەدا بەشێكی لێ چاپ بكرێت و ببێتە پڕۆگرام و دیدگای یەكێتی.

بڕیاردرا دیدار ساڵانە بێت
وتیشی: بەشێكی ئەوەی پەیوەندیی بە پەیڕەوی ناوخۆوە هەیە، پەیوەستە بە ژیانی حزبیی یەكێتییەوە و یەكێتیش بەشێكە لە خەڵك، بەڵام هەندێكی دەكرێتە پڕۆژەیاسا، کە ئەگەر بتوانین جێبەجێی بكەین، كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵك دەبێت و بڕیاریش درا ئەم دیدارەی یەكێتی بكرێتە دیدارێكی ساڵانە و بۆ ئەبدەیتكردنەوەی روئیای یەكێتی، تا بزانین چەندمان لەو روئیایانە جێبەجێكردووە.
لەبارەی گرنگیدانیش بە كادری ناوەنجی و رۆڵیان لە ژیانی حزبیدا وتی: یەكێتی پێشتریش بەوە ناسرابوو كە حزبی كادری ناوەنجی بووە، ئەوەش یەكێتی لە حزبەكانی دیكە جیاكردۆتەوە و بەم دیدارەی یەكێتی و بەم هەموو پڕۆژە زۆرەوە، جارێكیتر كادر بووە چەقی پڕۆسەی حزبی لەناو یەكێتی و سەرچاوەی گۆڕانكارییەكان.
بەرپرسی مەڵبەندی دیراسات ئاماژەی بەوەش دا لە جیاتی ئەوەی كە بەردەوام ئەم كادرانە رەخنە بگرن و كەس نەبێت گوێیان لێ بگرێت، میكانیزمێكمان دروستكرد كە یەكێتی هەموو رەخنەكانی خۆی كۆبكاتەوە و بیانكاتە پڕۆژەیەك و بڕیاری لەسەر بدات، وتیشی لەمەودا گفتوگۆ لەسەر روئیای یەكێتی نابێت بچێتە دەرەوەی یەكێتی، چونكە لەمەودوا مینبەرێك هەیە، كە ئەویش دیداری یەكێتییە.

شۆڕکردنەوەی بڕیارەکان
لەبارەی شۆڕكردنەوەی بڕیارو گۆڕانكارییەكانیشەوە بۆ ئۆرگانەکان، ئەوەی روونکردەوە کە بابەتەكانی دیدارەكە چاپ دەكەین و وەكو پڕۆگرامێكی یەكێتی دەبێت و روئیای یەكێتی دەبێت بۆ مەسەلە جیاجیاكان.
باسی لەوەشكرد كە كادری یەكێتی لەم 10 ساڵەی دواییدا تووشی زۆر نەهامەتی بوو، یەكەمیان لەدەستدانی سەركردەیەكی كاریزمایی بوو، دواتر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، پاشان ئەو دۆخەی كە لەناو یەكێتیدا دروستبوو، ئەمە ئەگەر تووشی هەر حزبێكی دیكە ببوایە، رەنگە هەڵبوەشایەتەوە، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی ئیرادەیەك هەیە بۆ بووژاندنەوەی یەكێتی، دەبینین كادری یەكێتی بە چ پەرۆشییەكەوە دێتە پێشەوە.
 لەبارەی رۆڵ و روئیای یەكێتیشەوە بۆ عیراق، وتی: یەكێك لە دامەزرێنەرانی عیراقی نوێ، یەكێتی بووە، لە رێگەی مام جەلال و سەركردەكانییەوە، مام جەلال تەنیا كەسێك نەبووە دامەزرێنەر و قیادەی یەكێتی بكات، بەڵكو عیراقی نوێ و ئەو دەستوورەش كە لە عیراقدا هەیە، مام جەلال رۆڵی سەرەكی تێدا هەبووە.
 لەم رووداوانەی دواییشدا دەركەوت، كە ئاسان نییە یەكێتی پشتگوێ بخرێت، دۆست و نەیار بۆیان دەركەوت كە یەكێتی لە دوو ساڵی رابردوو زۆر كاریگەرترە، هۆكارەكەیشی ئەو چاكسازییەیە كە لە دوای هەشتی تەمموزەوە دەستیپێكردووە.

یەکێتی بەمجۆرە کاردەکات
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا روونیکردەوە: یەكێتی بەرنامەی خۆی هەیە و لەسەر کارو کاردانەوەی ئەوانی دیکە کارناكات، بەڵکو پێیوایە فیدراڵی تائێستا باشترین نموونەیە بۆ عیراق، بەڵام فیدراڵییەك كە كورد تیایدا یەكڕیز بێت و هەروەها وتی: عیراق لەسەر بنەمای تەوافوق دروستبووە، لەبەرئەوە ناتوانرێت عیراق بەڕێوە ببرێت ئەگەر لایەنێكی شیعە یان سوننە یاخود کورد فەرامۆش بكرێت ئەمەش نموونەی عیراقێكی نوێیە كە یەكێتی کاری لەسەر دەكات. 
هەروەها وتی: لە دوای هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەوە دەركەوت كە یەكێتی راست بوو، سەریش كەوت، چونكە پێشتر دیدێكی تر هەبوو بۆ دیموكراسیی زۆرینە، بەڵام دەركەوت كە تەنانەت لە هەندێك لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا دیموكراسیی سازان هەیە، لە جیاتی دیموكراسیی زۆرینە، عیراقیش هەر دەستوورەكەی بە شێوەیەك داڕێژراوە كە دەستوورێكی تەوافوقی بێت.
لەبارەی كاری تیمی یەكێتیشەوە لە حكومەتی هەرێمدا، رایگەیاند: بێگومان كاتێك یەكێتی لە ناوخۆدا یەكدەست دەبێت، لە هەموو بوارەكاندا چ حكومی و چ حزبی، كارەكانی یەكدەست دەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین لە حكومەتیشدا بەو شێوەیەیە، ئێمە سەرۆكی تیمەكەمان هەڤاڵ قوبادە و توانیوێتی یەك روئیایی بۆ كارەكانمان دروست بكات، بەڵام بیرمان نەچێت، یەكێتی لە حكومەتدا لەسەر بنەمای پێگەی پەرلەمانی كاردەكات، كەواتە ئەو یەكێتییەی كە لە حكومەتدایە بە هەمان سەنگ و قورسایی مێژوویی خۆی كارناكات، ئەمەش یەكێتیی رووبەڕووی رەخنە كردۆتەوە، لەبەرئەوەی خەڵك بە بەرپرسیارییەكی زۆرەوە سەیری یەكێتی دەكات، ئەم ئەزموونەی لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە، یەكێتی و پارتی پێکەوە دروستیان كردووە، هەر لەبەرئەوەشە ئەو چاوەڕوانییەی خەڵك هەیەتی لە یەكێتی زۆر زیاترە لەوەی كە یەكێتی لە حكومەتدا بیكات، بەڵام ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا پێگە پەرلەمانییەکەی زیاتر ببێت، ئەوكاتە لە حكومەتیشدا دەتوانێت پێگەیەكی بەهێزتری هەبێت.

رێکخستنەوەی هێزەکان  سەرکەوتنی یەکێتی بوو
هەروەها روونیکردەوە کە یەكێك لە گەورەترین سەركەوتنەكانی ئەم دواییانەی یەكێتی رێكخستنەوەی هێزەكان بوو، چونكە فرەهێزی و ناڕێكی لە رێكخستنیدا، مەترسیدارە و هۆكارە بۆ نەمانی سەقامگیریی، بگرە رێكخستنەوەی هێزەكان نەك هەر بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش قازانجی هەیە.
ئاماژەشی بەوەدا كە ئەو 13 راپۆرتەی بەرز كراوەتەوە، زیاتر لە 20 سێكتەر چاكسازیی تێدا دەكرێت، بۆیە پێیوابوو بڕیاری چاكسازیی بڕیارێكی فرەلایەنەیە و هەموو خەڵكی كوردستان پێشوازیی لێدەكەن، چونكە بۆمان دەركەوتووە، دەسەڵاتێك ئەگەر گەندەڵ بێت و رەزامەندیی خەڵكی لەگەڵدا نەبێت، ناتوانێت بەهێزتر ببێت.
لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوەدا کە یەكێتی ئەو هێزەیە دەتوانێت ئەركە مێژووییە گەورەكان جێبەجێ بكات، هەر سەیری مێژووی یەكێتی بكەن، ئەوە رووندەبێتەوە کە لە دامەزراندنییەوە تا چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی لە دەستووری عیراقدا هیچ قۆناغێک نییە نەخش و شوێن پەنجەی یەکێتیی پێوە دیارنەبێت. 

#د.یوسف گۆران

بابەتە پەیوەندیدارەکان