نرخی نەوتی سپی بەشێوەیەکی سەیر بەرزبۆتەوە

12:25 - 2022-09-01
ڕاپۆرت
1096 جار خوێندراوەتەوە
#چاوەڕوان دەکرێت لە وەرزی زستاندا نرخی نەوت زۆر زیاتربێت

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

هێشتا لە وەرزی هاوینداین، سەرەڕای بەرزی پلەكانی گەرما نرخی نەوتی سپیش بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا و نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی لە نێوان 255 بۆ 270 هەزار دیناردا یاری دەکات، ئەوە بەرزترین نرخە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و نرخی نەوت تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا بەو ئاستە بەرزنەبووەتەوە و ئەو نرخەی ئێستا پارەی سێ بەرمیل نەوتی دوو ساڵ پێش ئێستایە.
کاوە عەبدولقادر هاووڵاتی وتی، ساڵانە بۆ وەرزی زستان دوو بەرمیل نەوت سەرف دەکەم، بەڵام بەم هاوینە نرخی نەوت ئەوەندە گرانە ناتوانیت بیکڕیت و بە نیازم ئەمساڵ زۆپای غاز بەکاربهێنم هەرچەندە دڵنیام لە زستاندا ئەویش گران دەبێت، بەڵام ناچارین.

نەوتی سپی لە زستاندا گرانترە
خونچە کەمال هاووڵاتی وتی، ئەوەندە نرخی نەوت گرانە توانامان نییە بە بەرمیل بیکڕین و بە ناچاری مانگی دوو دەبە دەکڕم و بۆ زستان دایدەنێم.
وتیشی، ئەگەر حکومەت نەوتی دابەش بکردایە باش بوو لەبەرئەوەی هەرچۆن بوایە خەڵک تا نیوەی زستانی پێ بەڕێ دەکرد و کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبوو و نرخەکەی دادەبەزی. 
لە ساڵانی رابردوو هاووڵاتیان لە وەرزی هاویندا نەوتی سپیان بۆ زستان دەکڕی، ئەمەش بەهۆی کەمی نرخی نەوتەکەوە لەو وەرزەدا، بەڵام ئەمساڵ نرخی نەوتی سپی لە وەرزی زستان گرانترە.
کامەران تەها هاووڵاتیەکە ساڵانە لە وەرزی هاویندا بڕی پێوست نەوتی بۆ زستان کڕیوە و وتی، بۆ وەرزی زستان پێویستم بە سێ بەرمیل نەوت هەیە و ساڵانە لە هاویندا کڕیومە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەندە نرخەکەی گران بووە تا ئێستا نەوتم نەکڕیوە و وا بڕوات هەر نایکڕم و بۆ زستان زۆپای دار دادەنێم.

بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تەنها هاووڵاتیانی نیگەران نەکردووە بەڵکو کاری لە گیرفانی نەوت فرۆشانیش کردووە.
ئەحمەد عەلی نەوتفرۆش دەڵێت: هاووڵاتیان رۆژانە بۆ زانینی نرخی نەوت پەیوەندیم پێوە دەکەن و دەیانەوێت نەوت بۆ وەرزی زستان بکڕن، بەڵام کاتێک نرخەکەیان پێدەڵێم پەشیمان دەبنەوە و نایکڕن.
وتیشی، ئەمساڵ تائێستا بڕێکی زۆرکەم نەوتم فرۆشتووە و بازاڕمان نەماوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بارگرانیەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و ئەو نەوتەشی لە ساڵانی رابردوودا بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا دابەشکراوە لەلایەن بەغداوە دابینکراوە. هاوکات ساڵی رابردوو کەمال ئەتروشی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا هەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەربگرێت، بەڵام تەنها 35 %ی هاووڵاتیان نەوتی سپیان پێدرا.
ساڵانە لە مانگەکانی هاویندا ناردنی بەشە نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رادەگیرێت و دواتر دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ روون نییە ئایا ئەمساڵ ناردنی ئەو بەشە نەوتە بەردەوام دەبێت یان نا، ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستپێشخەری نەکات بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی سپی و پێدانی بە هاووڵاتیان چاوەڕوان دەکرێت لە وەرزی زستاندا نرخی نەوت زۆر زیاتربێت لە ئێستا.

هیچ بەرنامەیەك بۆ دابینكردنی نییە
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تائێستا هیچ بەرنامەیەك بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا دانەنراوە و نووسراویان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە و داوایانکردووە  یەك بەرمیل نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابینبكرێت و رەچاوی دۆخی ناوچە سنوورییەكانیش بكرێت لە وەرزی زستاندا.
وتیشی: ئەگەر حكومەتی هەرێم نەیەتە سەرخەت و هەنگاوی پێویست نەنێت چاوەڕێ دەكرێت نرخی نەوتی سپی لەوەرزی زستاندا کە خواست لەسەری زیاد دەکات نرخەکەی لە ئێستا گرانتر ببێت.
هاوکات شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی پەرلەمانی كوردستان وتی، حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی بۆ ناوخۆ ناکات و فەرامۆشی کردووە ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ هاووڵاتیان  دروستكردووە.
بەپێی راپۆرتێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ساڵانە بۆ ئەوەی یەک بەرمیل نەوتی سپی بدرێتە هەر خێزانێک، پارێزگای هەولێر پێویستیی بە (92,345,400) لیتر و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە پێویستیی بە (91,749,000) لیتر و بڕی پێویست بۆ پارێزگای دهۆك بریتییە لە (53,829,600) لیتر.

# نەوتی سپی

بابەتە پەیوەندیدارەکان