وشکەساڵیی بووە هۆی دەرکەوتنی گەنجینەکان

10:56 - 2022-09-04
ژینگە
533 جار خوێندراوەتەوە
بەردی برسێتیی

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

چەندین هەفتەیە ئەوروپا بەدەست وشکەساڵیی و شەپۆلی گەرمای بەردەوامەوە دەناڵێنێت و ئەوەش بووەتە هۆی مردن و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، دەریا و دەریاچەکان وشکبوونەتەوە و ئاستی ئاویان بەشێوەیەکی کارەساتبار دابەزیووە، بەو هۆیەوە ئەو گەنجینانەی چەندین دەیەیە لە ژێر ئاودا داپۆشراون دەردەکەونەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە پێی دەوترێت «بەردی برسێتیی» بەردێکە لە ماوەکانی وشکەساڵیدا لە قەراغ ئاوی دەریاچەکاندا داتاشراون تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەک بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەو مانایەی ئەگەر ئەو بەردانە دەربکەون مانای وایە کێشە و قورسیی ژیان چاوەڕێیان دەکات، زۆرترینی ئەو بەردانەش لە قەراغ دەریاچەی «ئەلبە» کە بە کۆماری چیک-دا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە ئەڵمانیا هەیە.
یەکێک لەو بەردانە بۆ یەکەمجار لە سەدەی پانزەدا داتاشران کاتێک ساڵی 1616 لەسەر رووی ئاو دەرکەوت، ئەو کاتە دانیشتوانی ناوچەکە ئەو رستەیەیان لەسەر نەخشاند دەڵێت «ئەگەر منتان بینی، بگرین».
دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەی دانوب-یش لە سربیا پاشماوەی کەشتییەکی نوقمبووی جەنگی جیهانی دووەمی دەرخست کە هێشتا بارگاوییە بە بۆمب و تەقەمەنیی.
هەروەها ئەو کەشتییەی لە نزیک شارۆچکەی «براهوفو» یە بەشێک بووە لە هێزی دەریایی نازییەکان ساڵی 1944 و واچاوەڕوان دەکرێت ئەگەر ئەو شەپۆلی گەرمایە بەردەوامبێت کەشتی زیاتر دەربکەوێت.

ئیتالیا
لە ئیتالیا کۆمەڵێک بۆمبی پوچەڵنەکراوە لە دەریاچەی «بو» دۆزرایەوە، لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا نزیکەی 3000 کەس لە نزیک شاری «مانتوا» دوورخرانەوە تاوەکو پسپۆرانی بواری پوچەڵکردنەوەی بۆمب دانەیەکی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم کە پێشتر لە ژێر ئاودا بووە پوچەڵ بکەنەوە، جگەلەوەی کەشتییەکی جەنگیی تایبەت بە ئەڵمانییەکان کە لە ساڵی 1943 دا نوقم ببوو لە دەریاچەی بو-دا دەرکەوتەوە و دانیشتوانەکەی پێش چەند مانگێک لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوەکە وردە وردە ئەو کەشتییە جەنگییەی ناوی «زبیللو» یە دەیانبینی پاشان لەگەڵ بەردەوامبوونی وشکەساڵیی و گەرما گەورەترین بەشی دەرکەوتەوە.
کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە دەریاچەی «ئەلتیبر» دا لە رۆما-ی پایتەختی ئیتالیا بووە هۆی ئەوەی پاشماوەی پردێکی کۆنی سەردەمی ئیمپراتۆر نیرۆ-ی ساڵی 50 ی پێش زایین دەربکەوێت.
هەمیشە توانراوە لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئاو بەشێکی کەمی ئەوە شوێنەوارانە ببینرێت، بەڵام لە ئێستادا دەتوانرێت بەشێکی گەورەی چوارچێوەی ئەو شوێنەوارە کۆنە ببینرێت، پاشماوەی ئەو پردە دەکەوێتە ژێر پردە نوێیەکە ئەویش پردی «ڤیتوریۆ ئیمانوێل-ی دووەم» ە.

ئیسپانیا
لە ئیسپانیا پاشماوەی شوێنەواری گۆڕە بەردینە کۆنەکان یان ئەوەی پێیدەوترێت «ستونهنج ئیسپانی» لە نێو ئاوی «ڤالدیساناس» لە پارێزگای «کاسیریس» لە ناوجەرگەی وڵاتدا دەرکەوتن.
وا دادەنرێت ئەو بازنە بەردینانە کە بەشێوەیەکی فەرمی پێیدەوترێت «گۆڕی گوادالبیرال» مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پێش زایین، پێشتر لەسەر دەستی شوێنەوارناسێک ساڵی 1926 دۆزرایەوە، بەڵام ناوچەکە لە ساڵی 1963 دا بوو بە ژێر ئاوی پرۆژەیەکی گەشەپێدانی گوندەکانەوە، لەو کاتەوە تەنیا چوار جاری دیکە دەرکەوتووە و توانراوە ببینرێت.
لە ناوچەی گالیسیا-ش لەسەر سنوری ئیسپانیا لەگەڵ پورتوگالدا «گوندی خێوەکان» دەرکەوت دوای ساڵێک لە وشکەساڵیی و وشکبوونەوەی ئاوی یەکێک لە حەوزە ئاوییەکان، ئەو گوندە ناوی گوندی «ئەسیریدو» بوو ساڵی 1992 ئاو دایپۆشیی تاوەکو رێگە لەبەردەم دروستکردنی بەنداوێکدا بکەنەوە.
هەندێک لە دانیشتوانی پێشووی ئەو گوندە گەڕانەوە بۆ تەماشاکردنی خانوو و بینا داڕوخاوەکانی پێشوویان.

 

ئاستی ئاوی دەریاچەکان بە شێوەیەکی کارەساتبار دابەزیوە، بۆیە ئەو گەنجینانەی چەندین دەیەیە داپۆشراون دەردەکەونەوە 
بەریتانیا
وشکەساڵیی بووە هۆی دەرکەوتنی چەندین گەنجینە لە شانشینی بەریتانیا، هەندێک شوێنەوار دەرکەوتوونەتەوە وا مەزەندە دەکرێت پاشماوەی کڵێسایەک بێت لە گوندی «دیرونت» لە ناوچەی دیربیشایەر.
ئەو گوندە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوودا بۆ دروستکردنی بەنداوی «لەیدی پاوەر» چۆڵکرابوو، هەروەها پاشماوەی درەختی کۆن لە حەوزی ئاویی دەریاچەی «کۆلیفۆرد» لە ناوچەی کۆرنوول دەرکەوتوونەتەوە.
هەندێ پاشماوەی باخچەی سەدەی حەڤدەیەم لە ناوچەی گەشتیاریی «لیدیارد پارک» لە سویندون باشوری خۆرئاوای ئینگلتەرا دەرکەوتەوە، دوای ئەوەی ئەو کەشوهەوا گەرمە وایکرد رووەک و سەوزاییەکان وشکبنەوە و شوێنەوارەکانی ژێریان لەسەر زەوی دەربکەوێتەوە، لەگەڵ دەرکەوتنی «باخچەی خێوەکان» لە ناوچەی «لۆنگلیت» کە ڤێلایەکی گرانبەهای نزیک ئەو پارکەیە.

سەرچاوە: BBC News

بابەتە پەیوەندیدارەکان