جەنگی کەشوهەوا

10:58 - 2022-09-04
ژینگە
485 جار خوێندراوەتەوە
وشکەساڵیی بووەتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی

ئا: بورهان ئەمین

تێکچونی پەیوەندی وڵاتان هەمیشە لەسەر سنور و خاک و سەروەری و هەژمون و گیانی هاوڵاتیانیان بووە و ئەو جەنگە گەورانەی روویانداوە هەر لەسەر ئەمانە بووە، بەڵام ئێستا کێشەیەکی تری جیهانیی پەیدا بووە ئەویش گۆڕانی کەشوهەوایە و بۆتە مۆتەکە بەسەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەکانەوە، روودانی کارەساتی سروشتی وەک لافاو و باوبۆران و زریان و گڕەی گەرمای بەتین و ئاسەوارەکانی وشکەساڵیی بوونەتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی و مەترسی ئەوە هەیە جەنگ لە نێوان وڵاتان لەسەر ئەمانە رووبدات.

زلهێزەکان پیسکەری ژینگەن
توێژنەوە زانستیەکان و چاودێرانی گۆڕانی کەشوهەوا وایدەبینن لەوانەیە ئەو کەیسە ببێتە ئاژاوەی نێوان وڵاتان، چونکە زلهێزەکانن هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانەنن، لەڕێی کۆمپانیا و بەرژەوەندییە زەبەلاحەکانیانەوە زۆرترین دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەدەنە ناو گۆی زەوی و ئاسمان و داروبەرد و خاک و ژینگە پیس دەکەن، دواجاریش تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی وڵاتە کەمدەرامەت و لاوازەکان یان هاوڵاتیانیان، هەر خۆشیان رێوشوێنی کەمکردنەوەی ئەو پیسبوونە دادەنێن وپەیڕەوی ناکەن، لە 2015 رێککەوتنامەی پاریس بۆ نزمکردنەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی کرا، بەڵام ئەمریکا لەسەردەمی خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا رەتی کردەوە، بۆیە رەوشەکە هەروا بەکراوەیی و بێسنوری لە پیسکردنی ژینگەی مرۆڤایەتی مایەوە، لەمساڵانەی دواییدا کارەسات لەدوای کارەسات بەرۆکی وڵاتانی گرتووە لە لافاو و سوتانی دارستانەکان و زریان و رەشەباو بومەلەرزە کە هەموویان لەئەنجامی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست ئەبن، لافاوەکانی ئەڵمانیا و بەرزبوونەوەی لە رادەبەری پلەی گەرما و برسیەتی لە ئەفریقیا و سوتانی دارستانەکانی ئوسترالیا و ئەمازۆن و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا هەموویان ئاسەواری ئەو گۆڕانەن، ئەو بارە ناهەموارە وایکردوە دیسان وڵاتە پێشکەوتوو وزلهێزەکان کۆببنەوە و جارێکی تر خەمی گۆڕانی کەشوهەوا بکەنە ئەجێندای باسوخواسی کۆبونەوەکانیان.

موڵکی گشتییە
شارەزایان دەڵێن ژینگەو ئاسمان و ئاو و هەوا موڵکی هیچ گەل وڵاتێک نییە و سنوری تایبەتی بۆ نییە، بەڵکو وەک یەک هی هەموانە و کەس ناتوانێت سنورێک بۆخۆی دابنێت، چونکە ئەگەر لەوپەڕی دونیا بۆ نموونە لە چین و هیند و ئەمریکا ژینگە پیس ببێت ئەوەندە نابێت هەموو دونیا دەگرێتەوە و ئاسمانی وڵاتانی تریش پیس دەبێت و گۆڕان لە کەشوهەوا دروست دەبێت، لەو ساڵانە نێوانی فەرەنساو بەرازیل کێشەیەک دروستبوو لەسەر ئەوەی بەرازیل دەستی کردبوو بە سوتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکان بۆ ئەوەی بیانکات بە شوێنی نیشتەجێبوون و بەرژەوەندی ئابوری، ئەو کردەوەیە بووە ناڕەزایی ئەوروپییەکان، چونکە پێیان وابوو ئەو زیانەی لە ئەنجامی ئەو سوتانە دروست دەبێت بەر هەموو جیهان دەکەوێ و ژینگەی هەموو مرۆڤایەتی پیس دەکات، بۆیە بارەکە گەیشتە دژوارترین و سەرەنجام 100 وڵات رێککەوتن لەسەر ئەوەی هاوکاری بەرازیل بکرێت لەبەرامبەر وەستاندنی پڕۆژەی سوتاندنی دارستانەکانی و هێشتنەوەیان بەپانتایی سەوزایی، بۆیە ئێستا گەرمبوونی گۆی زەوی بۆتە خەمی مرۆڤایەتی، گەل و حکومەتەکان تاک بەتاکی کۆمەڵگەکان، بۆیە دەبێت بەکارایی و بەکردەوە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی پیسبوون دابنرێت و هاوڵاتیانی هەموو وڵاتان هەست بە بەپرسیارێتی بکەن دەنا کارەساتەکان بەردەوام و گەورەتر دەبن.

سەرچاوە:  Handelsblatt global

بابەتە پەیوەندیدارەکان