ژینەر محەمەد
کۆمپانیای ئەپڵ لە زاری تیم كوك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەوە نوێترین بەرهەمەكانی لە ئایفۆن و ئەیرپۆد و ئەپڵ وۆچ راگەیاند، كە چەندین تایبەتمەندی نوێیان بۆ زیادكراوە.
كۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، هەر مۆدێلێكی ئایفۆن 14 كە بۆ ئەمریكا دروستكرابێت، شوێنی سیمكارتیان تێدا لابراوە و دەتوانرێت e-SIM لەسەر هەر ئایفۆنێك جێگیر بكرێن، هاوكات خزمەتگوزاریی پەیوەندیی سەتەلایتی تێدایە كە بەكارهێنەر بۆ دۆخی فریاگوزاری و نەمانی سیگناڵ سوودی لێوەردەگرێت، باترییەكەشی بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە و قەڵغانێكی سرامیك شاشەكە لە شكان و شوخت دەیپارێزێت، كە یەكەمجارە لە ئایفۆندا دادەنرێت.
كامێرای ئایفۆن 14، (12) مێگا پێكسڵە و هەستەوەری پێشكەوتووتر و تایبەتمەندی ئۆتۆ فۆكەسی هەیە.
راشیگەیاند: iPhone 14 و iPhone 14 Plus بە هەریەك لە رەنگەكانی، شیریی مەیلە و پەمەیی، سوور، نیلی، شین، وەنەوشەیی بەردەستن، نرخی iPhone 14 لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەكات، نرخی iPhone 14 Plus لە 899 دۆلارەوە دەستپێدەكات.
بەگوێرەی وتەكانی تیم كوك، iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max بە چوار رەنگ بەردەست دەبن كە بریتین لە، گۆڵد، رەش، وەنەوشەیی، خۆڵەمێشی، هەروەها كامێرای سەرەكی هەردوو ئایفۆنە پڕۆكە 48 مێگاپێكسڵە و نرخی iPhone 14 Pro لە 999 دۆلارەوە دەستپێدەكات و iPhone 14 Pro Max لە 1099 دۆلارەوە دەستپێدەكات.
هاوكات كۆمپانیای ئەپڵ سێ ئەپڵ وۆچی نوێی راگەیاند، كە Apple Watch Ultra لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەكات و دەتوانێت لە قووڵایی دەریادا كاربكات و شاشەیەكی روونتری هەیە و بە یەك بارگاویكردن دەتوانێت 36 سەعات كاربكات.
ئەپڵ وۆچ Series 8 لە جۆری خانەیی GPS لە 399 دۆلار و جۆری خانەیی cellular لە 499 دۆلارەوە دەستپێدەكات كە دەتوانێت هەست بە رووداوی هاتووچۆ بكات، ئەپڵ وۆچ Apple Watch SE بۆ جۆری GPS لە 249 دۆلار و لە نرخی خانەیی لە 299 دۆلارەوە دەستپێدەكات.
بیستۆكی Airpods Pro2
یەكێكە لە نوێترین بەرهەمەكانی ئەپڵ و بەنرخی 249 دۆلار بەردەست دەبن، تایبەتمەندییەكانیشی بریتین لەوەی بە یەك بارگاویكردن، توانای 6 سەعات كاركردنیان هەیە و هەر دانە بیستۆكێك ون بێت، دەتوانرێت بەدەنگەكەی بدۆزرێتەوە.